زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان، دەڵێت” ئەو منداڵانەی تا درەنگانی شەو ناخەون مەترسی زۆریان لەسەر هەیە و وا دەكات گەشەیان دوا بكەوێت.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی گوت” ئەو منداڵانەی دوای كاتژمێر 9ی شەو دەخەون، یاخود تا درەنگانی شەو دەمێنەوە مەترسییان لەسەرە و وا دەكات گەشەیان دوا بكەوێت تایبەت باڵا، بەرگری لەشییان لاواز دەبێ و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی زۆر دەبێت، هەروەها منداڵ تووشی پەشۆكان، ناڕەحەتی و گرفتە دەروونییەكان دەبێ.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد” درەنگ خەوتن گەورەترین مەترسی لەسەر ئەو بەشەی مێشك دروست دەكات كە بەرپرسی بیر و هۆشی منداڵە و خانەكانی تێكدەشكێنێت، هەروەها مێشك تووشی بێ توانایی دەكات و ئەگەری لەبیر چوونەوە زیاتر دەكات، هەستكردن بە ماندوویەتی و بەجێ نەگەیاندنی ئەركی ڕۆژانە بەشێوەیەكی سەركەوتوو، زیان بە تەندروستییەكانی چاو، دڵ و چەندین ئەندامی دیكەی جەستە دەگەیەنێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاد دەكات.