د. هاوڕێ مەنسوربەگ – هەولێر:
بە کورتی جگە لە وەرزش، ئەو هۆکارانەش هەن:
١) هێزی نەرمی سیاسی: لە ناوەڕۆکدا تۆپی پێ زیاترە لە تەنها وەرزشێکی سادە، تۆپی پێ ئامرازێکی بەهێزی دیپلۆماسی و سیاسییە کە سعوودیە لە ڕێگای ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ یاریزانە ئایکۆنەکاندا خۆی دەکاتە هاوشانی نوخبەی وڵاتانی کاریگەر لە جیهاندا، سەرباری ئەوەی کە ڕیاز ناوبەناو توانای دارایی لەبن نەهاتووی خۆی پیشانی جیهان دەدات، سعوودیەی عەرەبی ئەو دیمەنانەشی کە لە زهنی ملیارەها دانیشتوانی سەرزەویدا بۆ سەدان ساڵە وێنای بۆ کێشراوە، کە ئەو وڵاتە شانشینێکی داخراو و نەریتیی چەقبەستووە، تێکدەشکێنێت.
سعوودیەی عەرەبی لە ڕێگای پۆلێک لە پرۆژە سەرسوڕهێنەرەکانی وەک نیۆم و لاین و ئۆکساگۆن و سیندالا و هەروەها هاوشێوەی چینی مەزن، بەشێک لە پشکی کۆمپانیای ئارامکۆشی بۆ یەکەم جار لە مێژوەی خۆیدا خستە بۆرسەکانەوە، هەموو ئەمانە، هاوشان لەگەڵ کۆنتراکتی زەبەلاحی یاریزانە مەزنەکانی فووتبۆل، خۆی نیشان دەدات وەک یاریزانێکی بەرچاو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا. پەیامی ناڕاستەوخۆ ئەوەیە کە سعوودیە تەنها شانشینێکی بیابانیی دەوڵەمەند نییە بە نەوت، بەڵکو نەتەوەیەکە کە توانا و خولیایەکی شاراوەی هەیە بۆ یاریکردن لە خولە مەزنەکان- چ لە بواری وەرزش و چ لە بواری جیۆپۆلەتیکدا.
٢) دیدگای ٢٠٣٠ : پلانی دیدگای 2030 کە لەلایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە پەردەی لەسەر لادرا، ئامانجی هەمەچەشنکردنی ئابووریی سعوودیە و دوورکەوتنەوە لە نەوت و پێکهاتەی گرنگی ئەم ستراتیژە چەسپاندنی سعوودیەی عەرەبی وەک ناوەندێکی جیهانی گەشتووگوزار و کاتبەسەربردن و هێنانی بەهرەمەندە دەگمەنەکانی تۆپی پێ، پەیامی ڕیازە کە ئاڵاکەی لە زهنی جیهاندا بنەخشێنێت و بڵێت کە سعوودیە لێرەیە بۆ ئەوەی ڕکابەر بێت و سەرکردایەتی بکات.
٣) مۆڕاڵ و ناسیۆنالیزمی ناوخۆیی: هاووڵاتی سعوودیە بە چاوی خۆی دەبینێت، کە حکوومەتەکەیان موعجیزە دەخولقێنێت و هەموو لایەک هەست بە هێزی شازادە دەکەن. هاوڵاتیانی جیهان خەون بەو ئەستێرانە دەبین، هاووڵاتی سعوودیە ئەستێرەکان دەبیین لە یاریگای وڵاتەکەیان یاریان بۆ دەکەن و چێژ و شادی دەبەخشن بە منداڵ و گەنج و پیرەکانیان. ئەم دیمەنانە خزمەت بە وروژاندنی شانازی نیشتمانی دەکات، و هەستکردن بە یەکگرتوویی و دەستکەوتی هاوبەش لە سەرتاسەری وڵاتدا دەچێتە لوتکە. لە هەمووشی گرینگتر، گەمەی ئەستێرە مەزنەکان لە سعوودیەدا، سەرنج لە سەر ڕەخنە و پرسە ناوخۆییە نەرێنییەکان کاڵ دەکاتەوە.
٤) هەمەچەشنکردنی ئابووری: لە کاتێکدا سعوودیە ئامانجی سنووردارکردنی پشتبەستنە بە نەوت، وەبەرهێنانێکی زۆر لە کەرتە جیاوازەکاندا دەکات، لەنێویاندا وەرزش، و بە لێشاو هاتنی یاریزانە ئەفسانەییەکان، سپۆنسەر و پەخشکەر و دەرفەتی بازرگانی دیکە بۆ خۆی ڕادەکێشێت. تەنها پەیوەندی بە یارییەکەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە تەواوی ئیکۆسیستەمی کاڵا و مافی میدیا و گەشتیاری و زۆر شتی ترەوە هەیە.
٥) ئاماژەدانی جیۆپۆلەتیکی: لە ئاستێکی فراوانتردا، دەتوانرێت ئەم ستراتیژە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سعوودیە بۆ ئامادەکاری بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا سەیر بکرێت. هاویشتنی هەنگاوی بوێرانە لە تۆپی پێدا، پەیامێک بۆ ڕکابەرە ئیقلیمییەکانیش دەنێرێت سەبارەت بە خەون و ئاوات و تواناکانی شازادە ئەڵماسییەکە.
گواستنەوەی ئەفسانەکانی تۆپی پێ بۆ یانەکانی سعوودیە، تەنها بڕیارێکی وەرزشی نییە. هەنگاوێکی خەمڵێندراوە کە لەگەڵ براندسازی و جیۆپۆلیتیک و دیدگای سعوودیەیەکی نوێدا تێکەڵ بووە. پەیوەندی بە دەسەڵات و تێگەیشتن و ئەجێندایەکی مەزن و ئاڵۆز هەیە بۆ داڕشتنەوەی نەزمێکی نوێ بۆ میللەتێک کە خەونی هەیە یاریکەرێکی سەرەکی بێت لەسەر یاریگای سیاسیی جیهانیدا.