مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاری هەڵوەشانەوەی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ بەرپرسە پلە تایبەتەکان دەرکرد.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ فەرمانگە حکومییەکان هەڵوەشاندنەوە و لە نووسراوەکەدا هاتووە :”سەبارەت بە گشتاندنی پێشوو کە لە 31ی 10ی 2022 دەرکراوە هەر دوو بڕگەی 2 و 4 لە گشتاندنەکە هەڵوەشاونەتەوە و لە ڕێکەوتی دەرچوونی ئەم نووسراوەوە کاریان پێ ناکرێت.”
پێشتر بڕیار لە سەر ئەوە درابوو کە بۆ بریکاری وەزیر تۆیۆتا لاندکرۆز ئیستەیشین و بۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتی تۆیۆتا فۆڕجێنەر، یان تۆیۆتا پڕادۆ بکڕێت، بەڵام بەپێی بڕیاری تازە، ئەو دوو بڕگەیە هەڵوەشاونەتەوە و کاریان پێ ناکرێت.
لە نووسراوەکەدا ئاگاداری تەواوی دامودەزگاکانی حکومی کراوە، کە وەزارەتی دارایی لە بەر بارودۆخی دارایی، لە ئێستادا ناتوانێت کۆی داواکارییەکانی کڕینی ئۆتۆمبێل دابین بکات، چونکە ژمارەی داواکارییەکان گەیشتووەتە ئاستێک ناتوانین دابینی بکەین.