دیمانە- زاری كرمانجی
مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت: ” بەشێك لە لایەنە كوردیەكان دژایەتی حكوومەتی هەرێم دەكەن و هاودەنگن لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر نەناردنی شایستە داراییەكان و ماف و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
د.سانع شەریف، مامۆستای زانكۆ لە فاكەڵتی یاساو زانستە سیاسییەكان و بەرێوەبردن، بە زاری كرمانجی راگەیاند: “دوای ئەوەی مانگی چواری ئەم ساڵ رێكەوتنیك لەبارەی پرسی نەوت لە نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی عێراق واژووكرا، هەروەها یاسای بودجەی عێراق پەسەند كرا، بەڵام بۆ چوار مانگ دەبێت كە حكوومەتی ناوەند پابەندییەكانی بە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم وەك لە یاسای بوددجەی عێراق و رێكەوتننامە سیاسیەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئێستای عێراق جێنەجێ نەكردووە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ” ئەوەی جێگەی تێبینییە بەشێك لەلایەنە كوردییەكان بە ئەرێنی و پاڵپشتی حكوومەتی عێراقیان دەكرد، گوایە هەموو شت باش دەبێت و مووچەی مووچەخۆران لە وادەی خۆی دێت و بودجەی هەرێم بەتەواوی دێت، دەبێت وڵامیان چی بێت بۆ ئەم خەڵكە، ئەوە بۆ مانگی نۆش دەڕۆین حكوومەتی عێراق تەنها سێ جار برە پارەیەكی ناردووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دوای رێكەوتنەكە و جێنەجێكردنی یاسای بودجە، خۆی لەم پاندییە یاساییەكان دەدزێتەوە و ئەوەی ناردوشیەتی بە قەرز بووە، تەنانەت سووتەمەنی و گازیش وەك پێویست نانێرێت كە بووتەهۆی گرانبوونی”.
گووتیشی: ” لە كاتێكدا پێویستە حكوومەتی عێراق كێشەیەكی وەكو مووچە تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكات و هاوشێوەی هاووڵاتی عێراقی بەپێی ماددەی ١٤ دەستوور، لەسەر بنەمای یەكسانی مافە داراییەكانیان بدات. زیاتر لەمەش بیانووی حكومەتی عێراقیش دەستوری نین وەك داوای سەد لە سەدی داهاتی نانەوتییەكان دەكات، چونكە بەپێی ماددەی ١٢١ برگەی دووەم و سێیەم مافی حكوومەتی هەرێمە بەشێك لەداهاتەكان بۆ خۆی بەكاربهێنێت”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەشدا: ” ئەوەی روونە بەشێك لەلایەنە كوردیەكان هاودەنگن لەگەڵ ئەم ئاراستە سێبەرەی سەرحكومەتی ناوەندی، ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم كە من پێم وایە هەڵەیەكی گەورەیە دەی كەن، پێویستە پاڵپشت و هاوكاری حكومەتی هەرێم بن نەك بە پێچەوانەی كار بكەن.