مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەگەرچی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بە تەنزەوە قسەی لە سەر وێنەی دۆناڵد ترەمپ کرد لە کاتی ڕاگرتنی لە لایەن پۆلیسەوە و بە کەسێکی قۆز ناوی برد، بەڵام هەر ئەو وێنەیە بووە خێروبێری زیاتر بۆ ترەمپ و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بە دەییان ملیۆن دۆلاری بۆ کۆکردەوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو بە تۆمەتی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2020، ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لەلایەن پۆلیسی ویلایەتی جۆرجیاوە وەک تۆمەتبار بۆ ماوەیەک ڕاگیراو و وێنەی گیرا، دواتریش بە کەفالەتی بڕە پارەیەک ئازاد کرا.
بڵاوبوونەوەی وێنەی ترەمپ وەک تۆمەتبارێک، وای لە ڕۆژنامەنووسان کرد بە زوویی کار لەسەر ئەوە بکەن کە هەڵوێستی جۆ بایدن بزانن لەسەر وێنەکانی ترەمپ، بۆیە دوێنێ یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان لە کالیفۆرنیا پرسیاری لە بایدن کرد ئایا لەسەر وێنەکە هیچ کۆمێنتێکی هەیە، ئەویش بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گووتی :”وێنەکەم بینی، بەڕاستی کەسێکی زۆر قۆزە و سەرسورهێنەرە.”
ئەو وێنەی بایدن بە تەنزەوە قسەی لەسەر کرد، لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ ترەمپ کۆکردەوە.
ستیڤن چۆنگ، گوتەبێژی ترەمپ لە تۆڕی (ئێکس)ەوە لە بارەی وێنەکەوە ڕاگەیاند : “سەرۆکی پێشوو 7.1 ملیۆن دۆلاری کۆ کردووەتەوە پاش ئەوەی پێنجشەممە وێنەکەی وەک تۆمەتبار لە دۆسیەی ساختەکاری لە ئەتلانتا-ی ویلایەتی جۆرجیا بڵاو بووەوە.”
هاوکات ستیڤن باس لەوەش دەکات ترەمپ لە ماوەی تۆمەتبارکردنی بە چەندین پرسی جیاجیا، نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە.
ترەمپ بوو بە یەکەمین سەرۆک لە مێژووی وڵاتەکەی، وەک تۆمەتبار وێنەی بگیرێت و بڵاو بکرێتەوە.