زاری كرمانجی – رواندز :
ئەمڕۆ یەكشەممە 27 ی ئاب ی 2023، كاتژمێر حەوت ی ئێوارە، دوا یاری پاڵەوانییەتی كراوەی تێنسی سەر زەوی رواندز، لە یاریگەی وەرزش و لاوانی رواندز ئەنجام دەدرێت .
پاڵەوانییەتی كراوەی تێنسی سەر زەوی رواندز، بە بەشداری 48 یاریزان لەسەر ئاستی شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، ماوەی چوار رۆژە بەردەوامی هەیە و ئەمرۆِش لە دوا یاریدا، دوو برا كێبڕكی بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانییەتیەكە دەكەن.
شەهید سەباح بەرێوەبەر و سەرپەرشتیاری پاڵەوانییەتییەكە بە زاری كرمانجی راگەیاند :” ئەمڕۆ ئێوارە دوا یاریی پاڵەوانییەتییەكە، لەلایەن هەردوو یاریزانی كورد (محەممەد ئەبوزێد) یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و (عەلی ئەبوزێد) باشترین یاریزانی كوردستان و عێراق بەرێوە دەچێت كە هەردووكیان بران و دانیشتووی شاری هەولێرن،”
شەهید باس لەوەش دەكات یەكەمین جارە لەسەر ئاستی كوردستان، پاڵەوانییەتییەكی لەو شێوەیە ئەنجامبدرێت كە 48 یاریزان بەشداری تێدا بكات.
پاڵەوانییەتی كراوەی تێنسی سەر زەوی رواندز، لەلایەن ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕواندز بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی سۆران و سەرپەرشتی قایمقامیەتی ڕواندز و لەژێر چاودێری (هەڵگۆرد شێخ نجیب) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە دەچێت.