زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” شێرپەنجەی گورچیلە زیاتر لەو كەسانەدا دەردەكەوێت كە تەمەنیان لە نێوان 60 بۆ 70 ساڵیدایە، ئاشكراشی دەكات تا ئێستا هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی ئەم شێرپەنجەیە دەستنیشان نەكراوە بەڵام هەندێك هۆكاری لاوەكی هەن كە مەترسیی تووشبوون زیاد دەكەن.
د. ڕێباز هەمزە، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، بە زاری كرمانجی گوت: شێرپەنجەی گورچیلە لە خانەكانی گورچیلەدا سەرهەڵدەدات و بەگشتی لەو كەسانەدا دەردەكەوێت كە تەمەنیان نێوان 60 بۆ 70 ساڵیدایە، شێوازی سەرهەڵدانیشی بە هەمان شێوەی جۆرەكانی دیكەی شێرپەنجەیە، كاتێك خانەكانی گورچیلە بەشێوەیەكی ناسروشتی و نائاسایی دەستدەكەن بە گەشە و دابەشبوون شێرپەنجە سەرهەڵدەدات، لەگەڵ زۆربوونی خانە شێرپەنجەیەكانیشدا گرێ پێكدێت و ئەگەریشی هەیە لەناو بەشەكانی دیكەی لەشدا بڵاوبێتەوە.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە ئاشكراشی كرد: تا ئێستا هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی ئەم شێرپەنجەیە دەستنیشان نەكراوە، بەڵام هەندێك هۆكاری لاوەكی هەن كە مەترسیی زۆربوون زیاد دەكەن لەوانە:
-جگەرە كێشان، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە دووهیندە زیاد دەكات.
-بەرزی پەستانی خوێن.
-ماددەی كیمیایی، ئەو كەسانەی كە لە كار و پیشەیاندا بەریەككەوتنیان لەگەڵ هەندێك ماددەی وەك ئاسبتۆز هەیە ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرە شێرپەنجە زیاترە.
چەند حاڵەتێكیش هەن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە تێدا زیاترە كە بریتین لەمانە:
-مەترسییەكەی لە پیاواندا زیاترە وەك لە ئافرەتان.
-قەڵەوی.
-بۆماوەی واتە ئەوانەی لەنێو بنەماڵەیاندا پێشینەی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە ئەگەری سەرهەڵدان تێدا زیاترە.