زاری كرمانجی- حاجی ئۆمەران:
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە هەزاران زیارەتكاری ئێرانی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخیلی هەرێمی كوردستان بوونە.
سەردانی زیارەتكاران لە 18ـی ئابەوە دەستی پێكردووە و تاوەكو چلەی ئیمام حوسێن لە 6ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری شیعە مەزهەب لە ناوچەكانی دیكەوە بە پیادە ڕوو دەكەنە شاری كەربەلای باشووری عێراق، بۆ ئەوەی لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بكەن.
سیروان حوسێن، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە، ژمارەی كارمەندانی پاسپۆرت زیاد كراون، هەروەها هەزار و پێنج سەد پاس ئامادەكراون كە توانای هەڵگرتنی سی هەزار كەسییان هەیە، لە هەولێریش بۆ بەغدا بە سەدان پاس ئامادەكراون و زیارەتكاران دەگوازنەوە.