داستان جەمال عەبدوڵڵا
ناوەندە، دەکەوێتە بناری چیایی هەڵگورد لە باکوری قەزای چۆمان سەر بە ناحییەی حاجی ئۆمەرانە لە دەڤەری باڵەکاییەتی، لەڕووی ڕوبەر گەورەترین گوندە لە دەڤەرەکە. لە هەمان کاتدا یەکێکیشە لە گوندە کۆن و دێرینەکانی هەرێمی کوردستان. وە لە پێشتر دا و بەتایبەت لە سەردەمی ئایینی مەسیحی ژیانی تیادا بەردەوامی پێدراوە، بە پێی ئەو زانیاریانەی هەن و باسی لێوە دەکەن دەوڵەتی ساسانی لە گوندەکەدا بوونی هەبووە، شایەنی باسە کە بە هەزارەها شوێنەوار لە گوندەکەدا هەن کە هەریەکەیان ئاماژەن بۆ سەردەمێکی گرنگ لە کۆندا.
گوندی ناوەندە، چوار دەوری بە چیایی بەرز دەورە دراوە لەوانە چییای هەڵگورد کە بە بەرزترین چیا دادەنرێت لە کوردستان و عێراقدا بەرزییەکەی ۳٦۰۷م . ناوی گوندەکە لەوەوە هاتووە کە کەوتۆتە نێوان گوندەکانی تری وەک ڕووست- وەردە- دەربەند- دۆڵەبۆن- شۆرە- گوندەژۆر.
ڕووبەری گوندی ناوەندە زیاتر لە ٥٠٪ شاخاوییە کە داپۆشراون بە سەوزایی خۆرسک، ٥٠٪ ی داپۆشراوە بە زەوی کشتوکاڵی و ڕەزو باغی دەستکرد، بەمەش لە کۆی خاکی ناوەندە ٧٠٪ گوندەکە داپۆشراوە بەسەوزایی خۆڕسک و دەست کرد هەر بۆیەش لە ڕووی کشتووکاڵییەوە پڕ بەرهەمترین گوندە هەروەها دەوڵەمەندە بە سامانی ئاژەڵیش. ناوەندە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو ئەو سەرچاوە سەرەکیانەی ئاو و ڕووبار و جۆگە بە درێژایی ٣٠کم لە چییای هەڵگورد تاوەکوو ڕێگای هامڵتۆن پێک دەهێنن. گوندی ناوەندە لە ئێستادا خاوەن سەدان کانیاوی دیار و ڕەسەنایەتین کە خاوەن ناوبانگێکی زۆرن، جگە لەو کانیاوانەی کە قەبارەیان بچوکە و کەمتر لە جوگرافیا بەرز و تەختایەکاندا هەن، لەنێو کەند و دۆڵ و نشێوەکانیشدا هەن و دەڕژێنە ڕووباری ناوەندە. بەڵام تا ئێستا کەس نەیتوانیوە سەرژمێری ڕەسمی ئەو کانیوانە بکات چونکە ژمارەیان زۆرە. هەر بۆیە بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری سەرچاوەی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵی جگە لە گوندی ناوەندە بۆ خۆی گوندەکانی وەردە -شۆرە-دەربەند-دۆڵەبۆن -کانی خاسی، سود لەئاوی ناوەندە دەبینن. لە ساڵی ١٩٧٧ گوندی ناوەندە ڕاگواسترا چۆمان. ساڵی ١٩٨٠_١٩٨٨ کە شەڕی عێراق و ئێران بوو لە ساڵی ١٩٨٣ باڵەکایەتی بە گشتی بوو بە ناوچەیەکی سەربازی و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێیەکان . لەساڵی( ١٩٥٨ز ) قوتابخانەی سەرەتایی لێ کراوەتەوە لەگوندی ناوەندە زیاتر لە (٣٨) گۆڕستان هەیە گەورەترین گۆڕستان لەگوندی ناوەندە ناوی (زارەتانە) لەهەمان کاتدا گەورەترین گۆڕستانە لە باڵەکایەتی. لەساڵی(٢٠٠٨ز) شەقامی ناوەندە قیڕتاوکرا لەپردی ناوەندە هەتاوەکو بیراستیان. لەساڵانی پێشوو بەهۆی ئەوەی گوندەکە کەوتبووە سەر سنووری ئێران لەماوەی شەڕی عێڕاق و ئێراندا دەوروبەری ڕێگاکان مین ڕێژ کرا بوون بەڵام خۆشبەختانە ئێستا پاک کراونەتەوە. لەساڵی (٢٠١١ز) کارەبای نیشتیمانی هێنراوەتە گوندەکە. وە لەئێستادا ژیان هەر بەردەوامە، لەگوندی ناوەندە ژمارەی دانیشتوانی (٤٥٠)کەسن لە (٩٠) ماڵیش پێک هاتووە، زۆربەی دانیشتوانی فەرمانبەری حوکمین لەدام دەزگاکان بەشێکیتری بە کاری ئاژەڵداری کشتوکاڵی خەریکن. ڕێژەی خوێندەواری لە گوندەکەدا بەرزە وە چەندین دەرچوی لێییە لەبەشە جیاوازەکاندا لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان.