مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندییدا بۆ خەرجكردنی دوو بڕە پارە كە بە هەردووكیان دەگاتە زیاتر لە 859 ملیۆن دینار، بۆ خەرجییەكانی بەڕێوەچوونی وەرزی رابردووی خولەكانی نایاب، پلە یەك و پلە دوو، جام و فوتساڵی كوردستان و خولەكانی لاوان و تازەپێگەیشتووانی كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو 26ی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دا بە خەرجكردنی 588 ملیۆن و 670 هەزار دینار، بۆ خەرجییەكانی وەرزی 2022/2023ـی خولەكانی نایاب، پلە یەك و پلە دووی جامی كودستان، فوتساڵ و دەرماڵەی ئەندامان و كارمەندان و كڕینی جلوبەرگ و كەلوپەلی وەرزشی تەرخان بكرێت، هەروەها 270 ملیۆن و 800 هەزار دیناریش بۆ خەرجییەكانی وەرزی 2022/2023ـی خولەكانی لاوان و تازەپێگەیشتووان و تێچووی كردنەوەی خولەكانی ناوبژیوانان خەرج بكرێت.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش رای دەگەیەنێت ” مەسروور بارزانی هەمیشە پاڵپشتیی وەرزشی كوردستان دەكات و زۆر بە خۆشحاڵییەوە لە رێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش، خەرجی خولەكانی كوردستان دابین كرد”.