زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی چەند ڕۆژێكە تاوانی كوشتنی كەسانی سیاسی و هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیادی كردووە، بێدەنگی ڕۆشنبیران و نوسەر و راگەیاندنكاران لەسەر ئەو ڕووداوانە بە كارێكی نادروست دەزانرێت و مامۆستایەكی زانكۆ هۆكارەكە دەخاتەڕوو .
د . مەهدی ستوونی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ تاوانی كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان و كەسانی ناسراو و خاوەن پێگە لە شاری سلێمانی زیاد دەكات، بەڵام ڕاگەیاندن و نوسەر و ڕۆشنبیرانی ئەوێ بە دێرێكیش ئیدانەی ئەو دۆخەیان نەكردووە، لەكاتێكدا پێویست بوو قسە و كرداریان هەبووا .
ئەو مامۆستای زانكۆ، دەڵێت:” سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری دانراوە، بەڵام دانیشتوانان و كەسانی ئەكادیمی لەسەر ڕووداوی كوشتنی كەسانی سیاسی و هاووڵاتییان هیچ قسەیەكیان نییە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەسەڵات لەو شارە پاڵەپەستۆیەكی زۆری دروست كردووە و ناهێڵێت چین و توێژەكان بە ئازادی ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
گووتیشی:” لە كاتێكدا ئەگەر ڕووداوێكی لەو جۆرە لە شارەكانی دیكە ڕوویدابا، لە سۆشیال میدیا ئەوەی خراپە بەرامبەر بە شارەكانی دیكە دەیان كرد، بۆیە پێویستە لەسەر شاری خۆیان بێنەدەنگ و چیتر قبووڵی ئەوە نەكرێت، خەڵك لە ژێر ناوی جۆرا و جۆر لە سلێمانی بكوژرێت، چونكە ئەو سیاسەت و حكوومڕانیەی لە پارێزگای سلێمانی پەیڕەو دەكرێت، سیاسەتێكی هەڵەیە و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە”.