هێلین یاسین
لە مێژووی کورد دا لەگەڵ هەبوونی خەباتی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستیدا، ئەوا لایەنی هونەر و مۆسیقاش لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گرنگی پێدراوە، کە ئەمانەش وەکو لایەنێکی دیاری کلتووری کوردی بەدەرکەوتوون،بایەخی لایەنی هونەری لەنێو خەباتی ڕزگاری نەتەوەی کوردیدا هیچی کەمتر نەبوو لە بایەخی سیاسی و سەربازیدا، بۆیە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە هەر لەگەڵ دروست بوونیدا ڕۆڵێکی گەورەی لەنێو ژیانی هونەری و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردیدا بینیووە.
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە ڕێکەوتی ١/ ٧/ ١٩٧٧ لە شاری ڕواندز لەلایەن مامۆستا زرار محممد مستەفا دامەزراوە، ئەندامانی قوتابیانی قوتابخانەی پاشای گەورە بوون کە تەمەنیان لەنێوان ٩ تاکو ١١ ساڵی دابوون لە پۆلەکانی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی سەرەتایی بوون. کە کۆمەڵێک قوتابی بەهرەمەند بوون و بەهرەیەکی هونەریان تێدا بەدی دەکرا، لەوانە:( چەتۆ سالح، سیروان عبداللە ، فاروق باپیر، شێرزاد ئەکرەم، ئامانج غازی، سەید ئەحمەد جەبار، ڕزگار جەودەت، بژار نووری، ڕێبوار نووری، نیعمەت باپیر، ئەحمەد شێخە، زوینەڵ خەیری، عەزیز شاکر، ئەیوب نووری، ئازاد عبداللە، شوان عبداللە، ڕزگار سەبری، یوسف عومەر).
ئەم تیپە لە بەرواری ١/ ١٠/ ١٩٧٧ یەکەمین ئاهەنگیان لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە ئەنجامدا، لە دواتردا چەندین چاڵاکیان لەناو ڕواندز و دەرەوەی ڕواندز ئەنجامداوە، تیپی مۆسیقای پاشای گەورە جگە لەوەی کاری لەسەر موزیک و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کردووە، میلۆدیە فۆلکلۆرە کوردیە رەسەنەکانی بە رۆحی سەردەم بەستبوویەوە، واتە دەقەکانیان بابەتی نیشتیمان پەروەری بوون، بەتایبەت لەوکاتەدا کە سەردەمی ڕژێمی بەعس بوو، زیاتر باسیان لە ئازارەکانی خەڵک دەکرد و چەندین بەرهەمیان هەبووە. لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕین ئەم تیپە لە شاری ڕواندز و سۆران ئاهەنگیان گێڕاوە کە تیایدا جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و چەندین سەرکردە بەشدار بوون.
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، سەرەڕای هەبوونی چاڵاکی و گەشەسەندنی، لەهەمان کاتیشدا چەندین بەربەست و کێشە دووچاری ئەم تیپە بوونەوە، وەک ڕێگریەکانی حکومەتی بەعس، هەروەها کەمی داهات و بێ دەرامەتی تیپ و نەبوونی ئامێرەکانی مۆسیقا، سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە تیپەکە لە ساڵی ١٩٩٦ کارەکانی بەرەو لاوازی ڕۆشت بەهۆی دروست بوونی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان، هەروەها دورکەوتنەوەو لەیەک دابڕانی ئەندامانی تیپ.
بۆیە تیپەکە بەهۆی چەندین بەربەست و کێشەی سیاسی و دارایی کە ڕووبەڕوویان بوویەوە وایکرد کارو چاڵاکیەکانیان بەرەو لاواز بوون بڕوات، بەڵام بە تەواوی کۆتایی بە کارەکانی نەهاتووە، بەڵکو ئەندامەکانی تیپ بەردەوامن لە کارەکانیان و بە شێوەی جیاواز بەشداریان لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا کردووە.