وەزارەتی پەروەردە : قوتابخانە بنەڕەتییەکان دەتوانن باخچەی منداڵان بکەنەوە.
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بە نووسراوی ژمارە 359 کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ئاراستەی پەروەردەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کراوە، لەمەودوا قوتابخانەی بنەڕەتی بۆی هەیە باخچەی منداڵان بکاتەوە.
مەرجەکانی کردنەوەی باخچەکە، هەر وەکوو لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە پێویستە قوتابخانەکە شوێنی هەبێت و جیا بکرێتەوە و باخچەکەش نابێت لە کابینەدا بێت .
هەروەها ئەوەش هاتووە: “دەوامی باخچەکە لە بازانەی یەکەم بێت ئەگەر دوو دەوامی بوو، واتە دەوامی بەیانیان بێت، مامۆستای بنەڕەتی پێویستە دەرچووی بەشی باخچەکان بێت.”
هاوکات لە نووسراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەبێتە بەڕێوەبەری باخچەکە و دەتوانێت یاریدەدرێک بۆ خۆی دەستنیشان بکات، ناوی قوتابخانەکەش وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنیا ناوی باخچەی لەگەڵ دەبێت.
لە درێژەی مەرجەکانی نێو نووسراوەکە، منداڵ هەر بە پێی یاساکانی وەرگرتنی دەبێت لە باخچەکان، هەروەها پرۆگرامی خوێندن هەمان پرۆگرامی باخچەکان دەبێت و هاوكات مامۆستایانیش هەمان بەشە وانە وەردەگرن کە لە باخچەکان هەیانە.