زاری كرمانجی-رواندز
وەستا رەجەب لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، لەسەردەمی میرنشینی سۆران، لەلایەن میر محەمەد پاشای گەورەی رواندز، ناردراوە بۆ فەڕەنسا بۆ فێر بوون و دروستكردنی تۆپ و چەك و تەقەمەنی دوای گەڕانەوەی بۆ رواندز لە كارگەكەی لە گەڕەكی پاشای گەورە، توانی چەندین نموونەی تۆپ دروست بكات، یەكێك لەو تۆپانە لە سەكۆیەكی تایبەت لە قەزای رواندز دانراوەو تائێستا پارێزگاری لێكراوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لە سەردەمی پاشای گەورە میری میرنشینی سۆران، كە پایتەختەكەی رواندز بووە، لە ساڵی 1813–1837 زایینی لە كارخانەی وەستا رەجەب، زیاتر لە 222 دانە تۆپ دروست كراون، ئێستا یەكێك لەم تۆپانە لەناو شاری رواندز پارێزراوە و لە سەكۆ و باخچەیەكی تایبەت دانراوە، ئەوانی دیكەش یەكێكیان لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراوە و هەندێكیشیان لە شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستانن، زۆربەی تۆپەكانیش تا ئێستا دیارنەماون”.
لە كاتی لەشكركێشیی عوسمانییەكان بۆ سەر رواندز، خەڵكی ناوچەكە بەشێك لە تۆپەكانی سەردەمی میرنشینی سۆران هەڵدەدەنە ناو رووباری كاولۆكان، بۆ ئەوەی نەكەونە دەست سوپای عوسمانییەكان، دوابەدوای هاتنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی 1923، وەك یەكەم قائیمقامی قەزای ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەكان بدۆزێتەوە، لە ساڵی 1926 دەست دەكات بە سۆراغی ئەو تۆپانە، لێژنەیەك پێكدەهێنێ و كۆمەڵێك مەلەوانی بەتوانا رادەسپێرێ بۆ دۆزینەوەی ئەو تۆپانە”.
دوای گەڕان و پشكنینەكان ژێر پردی كاولۆكان لە رواندز دیاری دەكەن بۆ دەرهێنانی، دوای هەوڵ و گەڕانێكی زۆر، دەتوانن سێ تۆپ لە چۆمی رواندز بدۆزنەوە، پاشان بە فەرمانی سەید تەها قائیمقامی ئەوكاتی رواندز، تۆپەكان دەگوازرێنەوە بۆ گەڕەكی قەڵا و لەپێش دەرگای سەرا دادەنرێن، وەك رەمزی میرنشینی سۆران.