ڕۆژان قیاس – زاری كرمانجی:
بەرفراوانبوونی ناڕەزایییەكانی دژی حكومەت لەسەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی، “ئیبراهیم ڕەئیسی”، سەرۆك كۆمار و “ئەحمەد وەحیدی”، وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامیی وا ترساندووە، كە بە ئاشكرا هەڕەشە لە خەڵك دەكەن.
ڕۆژی هەینی، ئیبراهیم ڕەئیسی، لە یەكەم لێدوانی پاش گەڕانەوەی لە نیویۆركەوە بە میدیاكانی ئێران گوت” ڕێگە نادەن ئاڵۆزی و ئاژاوە وڵات دابگرێت.
ڕەئیسی لە فڕۆكەخانەی (میهرئاباد) ی تاران ڕووی لە لایەنگرانی كرد و گووتی:” ئاژاوە و ئاڵۆزی، واتە تێكدانی ئاسایشی وڵات و خەڵك، ئەمەش بە هیچ جۆرێك قبووڵ ناكرێت.”
وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ناڕەزایییەكانی بە (ڕێكخراو) ناو برد و بانگەشەی ئەوەی كرد: “ئەم ئاڵۆزییانە پەیوەندی بە ژینا ئەمینی یەوە نییە، بەڵكوو هەندێك ئەمەیان كردووەتە بیانوو بۆ ئاژاوەنانەوە.”
هەروەها دانی بە بڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێتدا نا و گوتی:” ئینتەرنێت بە مەبەستی كۆنترۆڵی ناڕازییان بڕاوەو تا ئەو كاتەی ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەكان دڵنیا نەبنەوە لە سەقامگیریی وڵات، ئەم دۆخە بەردەوامیی دەبێت.”