بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی میدیاكانییەوە، ئاماژە بۆ ئەو لایەنانە دەكات كە لە رێگەی هەندێك كەسەوە شەقامیان وا تێدەگەیاند ” داهاتی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بكرێت، خۆشگوزەرانیی روو لە هاووڵاتییان دەكات، بەڵام ئێستا خەڵكی كوردستان باجی ئەو موزایەدانە دەدات.”
كەناڵی كەی ئێن ئێنی سەربە بزووتنەوەی گۆڕان بەدواداچوونی بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە كردووە.
لە بەدواداچوونەكە زۆر بە وردی رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حكومەتی ناوەندی كراوە، بەمجۆرەش هێشتا حكومەتی ناوەندی ” پێ داگرە كە 100% داهاتی نانەوتیش رادەستی بەغدا بەكرێت، بەم پێیەش بێت، پێویستە حكومەتی ناوەندی تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رادەست حكومەت بكات، بەڵام وێڕای دۆزینەوەی بیانووی جیا و نادەستووری بە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەش كە رادەست دەكات، 598 ملیارد دینارە، بەم شێوەیەش حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی 321 ملیارد دینار كورت هێنانی دەبێت”.
لە ناوەڕۆكی بەدواداچوونەكانی ئەم راپۆڕتەی كەی ئێن ئێن، ئاماژە بەوە دەكات ” خەڵك بۆتە قوربانیی موزایەدە سیاسی چەند كەس و لایەنێك كە دەیانگووت ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بچێتە سەر بەغدا ئەوا خۆشگوزەرانیی روو دەكاتە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران هەموو مانگ لە كات و وادەی خۆیدا مووچەیان وەردەگرن، ئەو كەسانە بۆ موزایەدەی سیاسی و حزبی خۆیان سنووری قەڵەمڕەویی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایان نەهێشتووە و بەغدا هەر رۆژە و بە بیانوویەك ناهێڵێت پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت”.