زاری كرمانجی-سۆران
ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، دەستكرا بە ئامادەكارییەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
م. حەسەن محەمەدصالح فەقێ، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند ” تەواوی ئامادەكاریەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سنووری پەروەردەی سۆران كراون، هەروەها بۆ قوتابخانەكانی ئامادەیی و بنەڕەتی، لێژنەی تایبەتمەند پێكهێنراون و لێژنەی ئامادەیی بۆ و كردنەوە و لێكدانی قوتابخانەكان و لێژنەی بنەڕەتی پێكهێنراوە، واتە بۆ ئەوەی ئەگەر هەر قوتابخانەیەك ژمارەی قوتابییانی كەم بوو هەوڵبدرێت چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەها هەر قوتابخانەیەكیش پێویستی بە كردنەوەی پۆلی حەوت و هەشت و نۆ بێت ئەوا دەكرێتەوە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە میلاكاتە، ئەگەر مامۆستای پسپۆر هەبێت ئەوا ئەو سێ پۆلە دەكرێنەوە”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، تائكیدیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەوڵدەدرێت بە جوانترین شێوە خزمەت بە بواری پەروەردەو زانست بكرێت لە سنوورەكە، هەوڵەكان بەردەوام دەبن، بۆ رێكخستنی میلاكات و دابینكردنی پێداویستی قوتابخانەكان و چارەسەر كردنی ئەو كێشەو گرفتانەی كە لەبەردەم پڕۆسەی خوێندندان.