مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پەروەردەی ئێران، ئاماری وازهێنانی قوتابییانی قۆناخی بنەڕەتی ئاشکرا دەکات و ڕۆژنامەیەکیش ئامارەکە ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە ڕێژەکە زۆر لەو زیاترە کە بەرپرسەکە بڵاوی کردووەتەوە.
مەسعوومە نەجەفی پازووکی جێگری پەروەردەی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە دواین ئاماری وازهێنانی قوتابییانی قۆناخی بنەڕەتی بڵاو کردەوە و ڕادەگەیەنێت ژمارەکە لەگەڵ پێنج ساڵی ڕابردوو هەمان شتە و دەڵێت : “تا ئێستا 160 هەزار قوتابیی قۆناخی بنەڕەتی وازیان لە خوێندن هێناوە، ڕێژەکەش لەگەڵ پێنج ساڵ بەر لە ئێستا هیچ زیادی نەکردووە.”
بەڵام ئامارەکانی (ناوەندی ئاماری ئێران) نیشان دەدات کە ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە خوێندن دواکەوتوون و وازیان هێناوە زیادی کردووە بە تایبەت لە ساڵی خوێندنی 2017 – 2018، 161 هەزار و 867 قوتابی بنەڕەتی وازیان لە خوێندن هێناوە، هەروەها بۆ ساڵی خوێندنی 2020 – 2021 ڕێژەکە بەرز بووەتەوە 210 هەزار قوتابی.
هەرچی ڕۆژنامەی خوراسانە، ئامارەکە زۆر لەوە بە زیاتر دەزانێت کە وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە و دەنووسێت : ” تەنیا لە ساڵانی خوێندنی نێوان 2014 بۆ 2022 نزیکەی یەک ملیۆن قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکان دوورکەوتوونهتهوه لە خوێندن،”
ڕۆژنامەی ناوبراو درێژە بە نووسینەکەی دەدات و ئاماری زیاتر بڵاو دەکاتەوە : “کۆی گشتیی ئەو قوتابییانەی لە ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وازیان لە خوێندن هێناوە٨٦۲ هەزار کەس بووە، بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 ڕێژەکە بەرز بووەتەوە بۆ 911 هەزار قوتابی.”