مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، حزبی بەعس و داعش و ئیخوان موسلمین بە شێرپەنجەی وێرانکەری عێراق ناو دەبات و ئەوەش دەڵێ کە سەرۆک کۆمار و پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و ئەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە سەرۆک وەزیرانە.
خالید مەلا سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی (سۆمەرییە) چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە عێراق لە ڕووی ئایینیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە درکاند و باسی لەوەش کرد کە چەند لایەنێک هەیە بوونەتە هۆکاری وێرانبوونی عێراق. ئەو سەرەتا لە بارەی حوکمڕانی وڵاتەکەی دوا و گوتی : “گوێڕایەڵی حاکمەکان لە هەموو شتێکدا واجبە جگە لە ناپاکی، سەرۆکی کۆمار و پەرلەمان فەرمانڕەوا نین، بەڵکوو سەرۆک وەزیران ئەو کەسەیە کە ئەم توانایەی بەدەستەوەیە.”
سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراق باس لە ڕەوشی سوننە دەکات و دەڵێ : “سوننەی باشوور ئەگەر ئیخوان موسلمین نەبێت، لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، بانگخوازی سوننە هەن کە مۆری سووریان لە سەرکردە سیاسییەکانەوە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی زۆربەی سەرکردە سوننەکان لە عێراق بێ ئاگان لە پرسی ئایینی، سیاسەتمەدار هەیە هاندەری کوشتنی کوڕەکانمان بووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە عێراق.”
سەرۆکی کۆمەڵەی ناوبراو پێی وایە سوننەکانی عێراق لەو نێوەدا کراونەتە قوربانی و دەڵێ : “پێکهاتەی سوننە لە عێراق ڕفێنرا و فڕێ درایە باوەشی حزبی بەعس و تیرۆریستانی داعشەوە، ئیخوان موسلمینیش دوو سەر و دوو ڕوویان هەیە، هەر کەسێک لەگەڵ ئیخوان موسلیمین بێت لە عێراق، کاروباری دادپەروەری دەبێت”.
خالید مەلا سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراق ڕەشبینی خۆی بەرامبەر ئایندەی عێراق نیشاندا و وتی : “شێرپەنجەی وێرانکەری وڵات لەلایەن حزبی بەعس و داعش و ئیخوان موسلیمینەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و هەر بۆیە دۆخی وڵاتیش بەم شێوەیەی لێهاتووە و گەیشتووەتە بنبەست و پێویستی بە هەوڵی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان هەیە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.”