” دامەزراوەیەكی مەغدوور و بێ ئیمكانیاتین”
زاری كرمانجی- سۆران :
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك لە هاووڵاتییان لە وەرزی جیا بۆ پەیدا كردنی بژێوی خۆیان پشتیان بە دارستان و پاوان و بەرووبوومە خۆ رسكەكانی بەستووە، بەڵام تا ئێستا نەزاندراوە رێژەی ئەو بەرووبوومانە چەندە و چۆنە.
هەر چەندە بەرێوەبەرایەتی دارستان و لەوەڕگای سۆران هەیە، بەڵام وەك بەرێوەبەری ئەم دامەزراوەیە بۆ زاری كرمانجی گووتی ” دامەزراوەیەكی پشت گوێ خراو و مەغدوورن و هیچ ئیمكانیاتێكیان لەبەر دەست نییە، تا بتوانن كار لەسەر ئەم بابەتانە بكەن “.
حەسەن ئەرگۆشی ، زیاتر گووتیشی ” لە سەردەمی پێش منەوە تا ئێستا هیچ پلانێك بۆ ئەم بابەتە نەبووە و ئێستاش نییە “.
ئەمە لە كاتێكدایە دارستان و پاوانەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، سەرچاوەی چەندین جۆری بەرهەمی خۆرسكن و هاووڵاتییان سوودی لێ دەبینن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كرین و فرۆشتن و بە بازاڕ كردنی بەرهەمەكان رێكنەخراوە، زۆرجار ئەو بەرووبوومانەی هاووڵاتییان لە دارستان و شاخەكانەوە دەیهێنن و ماندووبوونێكی زۆری پێوە دەچێژن، بە پارەیەكی كم لێیان دەكردرێت.
دارستان و پاوانەكانی كوردستان بە تایبەتی سنووری ئیدارەی سۆران، چەندین جۆری بەرهەمی خۆرسكیان هەیە، كە دیارترینیان، قەزوان، گۆیژ، بنێشتە تاڵ، بەڕوو، مازی، چواڵە، تاوك، تاوسكە و چەندین جۆری دیكەن، بە وەرزی بەهارانیش دەیان جۆری بەرهەمی خۆرسكی وەك رێواز، كەنگر، كوارگ، و دەیان جۆری گیا هەیە.