موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەرپرسێكی كارەبا، ئاشكرای دەكات، لە ئیدارەی سۆران خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبای وزەی خۆر زیادی كردووە و رێژەیەكی زۆری ماڵان و شوێنەكان ئەو كارەبایان داناوە .
وەفا سەعیدخان بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری ئیدارەی سۆران چەندین ماڵ و شوێن سودیان لە سیستەمی كارەبای وزەی خۆر بینیووە و كارەبای مۆلیدەیان بڕیوە و تەنها بۆ چەند ئامێرێك سود لە كارەبای نیشتیمانی وەردەگرن، سەرجەم كارەكانی دیكەیان لە وزەی خۆر دابین كردووە .
بەڕێوەبەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سۆران، دەڵێت، كارەبای ئەو سیستەمە باشە و هیچ زیانی نییە لە وزەی پاك بەرهەمدەهێندرێت و خەرجی و تێچووی كەمە، لە وڵاتانی پێشكەوتوو خواست لەسەر ئەم جۆرە كارەبایە زۆر زیادی كردووە،
گووتیشی:” ساڵی ڕابردوو، لە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نوسراوێك بۆ تەواوی وەزارەتەكانی دیكە گشتێندرا و داوا كرا كە لەبری كارەبای نیشتیمانی، سود لە كارەبای سیستەمی وەزەی خۆر ببندرێت، گەڕاج یاخود سەربانی وەزارەت و فەرمانگەكان پشكنینی بۆ بكرێت و كارەبای وزەی پاك بەكاربهێنن، چەند ساڵێكە وەزارەتی كارەبا سوودیان لە سیستەمی كارەبای وزەی خۆر بینیووە و تەواوی بەشەكان لەسەر ئەو كارەبایە بەڕێوەدەچن”.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خاوەنی شەش قەزا و 13 ناحیە و زیاتر لە 800 گوندە، بەپێی ئەو ئامارەی بە زاری كرمانجی دراوە، هاوبەشانی كارەبای نیشتیمانی بە سەرجەم پۆلەكانیەوە لەو دەڤەرە، نزیكەی 84 هەزار هاوبەشە.