محەممەد مەحموود- سۆران :
ئەمڕۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران دەستکرا بە دابەشکردنی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ٦ ی ئەمساڵ، راگەیاندنی پەروەردەی گشتی سۆرانیش دەڵێت گەر ئەمڕۆش تەواوی پەروەردەکان ئەو پارەیە دابەشنەکەن سبەی دابەشدەکرێت، پەروەردەی رواندزیش وەک یەکەم پەروەردە لە ئیدارەی سۆران دەستی کرد بەدابەشکردنی پارەی وانەبێژان”.
ئەحمەد حەمەدەمین، لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ لە سنووری پەروەردەی گشتی سۆران دەستکراوە بە دابەشکردنی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ٦ ” .
ئەحمەد حەمەدەمین، گوتیشی” گەر ئەمڕۆش هەرچوار پەروەردە تەواونەبن لە دابەشکردنی ئەو پارەیە ئەوا سبەی تەواودەبن”.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز وەک یەکەم پەروەردەی ئیدارەی سۆران ئەمڕۆ سێشەممە دەستیکرد بە دابەشکردنی پارەی مامۆستایانی وانەبێژو بۆ ئەو مەبەستەش لە ئاگاداری نامەیەکی ئەو پەروەردەیە هاتووە ” ئاگاداری بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و باخچەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز دەکەینەوە، ئەوانەی مامۆستایی وانەبێژی دانەمەزراویان هەیە، هەر ئێستا سەردانی دیوانی پەروەردە ــ بەشی وردبینی بکەن، بۆ مەبەستی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بۆ مانگی(٦)ی ئەمساڵ، پێویستە خودی بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی بڕی شایستە داراییەکە.