محەممەد مەحموود- رواندز:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران دەیەوێت لە رێگەی نۆژەنکردنەوەو دروستکردنی باڵەخانەی تازەو دابینکردنی داو دەرمان گرنگی زیاتر بە بنکەی تەندروستییەکان بدات .
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند”دوێنێ بنکە تەندروستیەکانی جوندیان،ئاکۆیان،گەرەوانی خواروو و بێخاڵمان لە سنووری قەزای رواندز بەسەر کردنەوەو لە کێشەو گرفت و کەم و کورییەکانمان کۆڵییەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران ، باسی لەوەشکرد” پلانی دروستکردنی بینایەکی نوێ بۆ بنکەی تەندروستی گەرەوانمان دانا کە بە هۆی خراپی بینای بنکەکە ناتوانرێت نۆژەن بکرێتەوە”.
د.کامەران مەلا محەممەد، گوتیشی گوندی گەرەوانی خواروو ژمارەی ئەو ماڵەکانی دانیشتووی ئەو گوندەن نزیکەی ٤٥٠ ماڵە، دەبوو دەمێکا با بنکەی تازەیان بۆدروستکرابا، بۆیە لەدوای سەردانی دوێنێمان بڕیارماندا بە دروستکردنی باڵەخانەیەکی تازە بۆ ئەو بنکە تەندروستییە، بۆ ئەو مەبەستەش لە گەڵ دارایی قسەمان کرووە بۆ ئەوەی بەزووترین کات رەزامەندی دروستکردنی بنکەی تەندروستی گەرەوانی خواروو وەربگرین و بکەوێتە واری جێ بەجێ کردن.