بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرەتای مانگی ئەیلوول دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات و دەشڵێ، شوێن بۆ ھەموو دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی ھەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی حکوومەت بخوێنن.
د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، راگەیاند: “لەسەرەتای مانگی ئەیلوول دەست بەدەوامی زانکۆکان دەکرێت و ھەموو ئامادەکاریەک بۆ خوێندنی ئەمساڵ کراوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ھەروەھا ھیچ گۆڕانکاریەک بەسەر وادەی خوێندنیش نەھاتووە و وەک ساڵانی رابردوو بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت”.
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: “ئێستا وەزارەت خەریکی ئامادەکاریە بۆ پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیانی ١٢ی ئامادەیی و وەزارەتی پەروەردە نمرەی قوتابیانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات و دواتر دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت تا ١٥ی ئەیلوول قوتابییانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی وەردەگیرێن”.
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “شوێنی ھەموو قوتابیان دەبێتەوە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەت، بەڵام قوتابی ھەیە لەوانەیە نمرەی کەم بێت بیەوێ بچێتە شوێنێکی دیکە ئەوە ئازادە بچێتە زانکۆی ئەھلی”.