زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆر چەند زانیارییەك لەبارەی هەوكردنی میزڵدان لە خانماندا دەخاتەڕوو، ئەم پزیشكە دەشڵێت” چەند هۆكارێك هەن بۆ ئەم حاڵەتە كە زیاتر لەنێو خانماندا باوە.
د. رێباز هەمزە جاف، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، بە زاری كرمانجی گووت” هەوكردنی میزڵدان یەكێكە لەو نەخۆشییە بەربڵاوانەی زۆرێك لە خەڵك پێوەی گیرۆدەن، هەروەها بریتییە لە هەوكردنی ناوپۆشی میزڵدان بەهۆی بەكتریا یان میكرۆبەكان، ئەگەر پشتگوێ بخرێت و چاەسەر نەكرێت نەخۆش تووشی چەند حاڵەتێكی خراپ دەبێت.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد” بێگومان ڕەگەزی مێ 14 جار زیاتر تووشی ئەم هەوكردنە دەبێت، ئەمەش بەهۆی كورتی ڕێڕەوی میزكردن، نزیكی دەرچەی بۆڕی میز لە كۆم و زێی ئافرەت، نیشانەكانیشی بریتین لە بوونی ئازار لە ناوچەی حەوز، هەستكردن بە سووتانەوە لە بۆڕی میز لەكاتی میز كردن، گۆڕانكاری بەسەر ڕەنگی میز و هەبوونی خوێن، هەستكردن بە بوونێكی ناخۆش لە میزدا، جاربەجار هەبوونی تا و كەم كەم میزكردنی بەردەوام، هەروەها بۆ چارەسەركردنیش زۆر خواردنەوەی ئاو، سەردانیكردنی پزیشك بۆ وەرگرتنی دەرمانی ئازارشكێن و ئەنتیبایۆتیك، ئەگەر هەوكردنەكە زۆر دووبارە بووەوە ئەوا پێویستت بە پشكنینی زیاترە.
د. ڕیباز هەمزە، چەند ڕینماییەك دەدات بۆ خۆپارێزی لەم حاڵەتە، لەوانەش زۆر ئاو خواردنەوە، ڕانەگرتنی میز بۆ ماوەیەكی زۆر، هەروەها پێویستە خانمان لەكاتی خۆ پاككردنەوە لە دەست ئاودا لە پێشەوە بۆ پشتەوە خۆیان پاك بكەنەوە، واتە یەكەمجار دەرچەی میزكردن دوایێ دەرچەی كۆم، هەوڵبدەن كچەكانیشتان وا فێر بكەن، هەروەها خاڵێكی گرنگیش ئەوەیە كە میزكردن دوای تەوابوونی سەرجێی.