فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراق: لە هەر 100 هەزار كەس، 81 یان تووشی شێرپەنجە بوونە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە لە زیادبوون دایە و پاڵاوگەكانی نەوت یش بە هۆكاری بەرزبوونەوەی تووشبوونی شێرپەنجە دەزانێت.
لە راپۆرتی فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراق هاتووە : ” گازە ژەهراوییەكان كە بەهۆی پرۆسەكانی دەرهێنانی نەوتەوە دەچنە ژینگەوە كاریگەری زۆریان لەسەر زیادبونی شێرپەنجە هەیە.”
هاوكات ئامارەكانی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراقی ئەوە دەردەخات كە ساڵانە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نێو عێراقییەكان زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ساڵی 2015 رێژەی توشبوون بە نەخۆشییەكە 73.3% بووە، كەچی رێژەكە لە ساڵی 2019 بەرزبووتەوە بۆ81.34% ، لە ئێستادا هەروەكوو لە راپۆرتی فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراق هێمای بۆ كراوە، لە هەر 100 هەزار كەسێك، 81 یان تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەن.
فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراق كێڵگە نەوتییەكانی بەسڕە بە نموونە دەهێنێتەوە كە زۆربەی قوربانییەكانی شێرپەنجە لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە، دەڵێ: “چڕیی هایدرۆكاربۆنەكان كە پەیوەندییەكی نزیكیان بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەكانەوە هەیە، لە هەمو خاڵەكانی چاودێریكردن لە كێڵگە نەوتییەكانی بەسڕە زیادیكردوە، كۆمپانیای نەوتی بەسرەو كۆمپانیا بیانیە بەگەڕخەرەكانی كیڵگەكان، لە ماوەی سێ ساڵ پێنج ملیۆن و 253 هەزار و 54 لەسەدی غازی هاوەڵیان سوتاندوە، كە بوەتە هۆی بڵاوبونەوەی ماددەی كیمیایی مەترسیدار بە هەواداو كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دروستبونی شێرپەنجە هەیە.”