مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆماری مۆنتینێگرۆی باشووری رۆژهەڵاتی كیشوەری ئەوروپا، وەك نەریتێكی ساڵانە تەواوی تەمبەڵەكانی جیهان كۆ دەكاتەوە بۆ بەشداریكردن لە پێشبڕكێی (تەمبەڵترین مرۆڤ) لە جیهان.
پاركێكی گەورە لە گوندی (ئیتنۆی برێزنا) كە دەكەوێتە نزیك شاری نیكسیك، ساڵانە باوەش بۆ كەسە تەمبەڵەكانی جیهان دەكاتەوە و بۆ ئەوەی كێبڕكێی لەسەر نازناوی (تەمبەڵترین مرۆڤ) بكەن.
ئەمساڵ 21 كەس بۆ بردنەوەی نازناوەكە و بەدەستهێنانی بڕی هەزار یۆرۆ، كێبڕكێی یەكتر دەكەن، یاساكانی پێشبڕكێەكە ئەوەیە كە دەبێت بەشداربوان بە درێژایی ماوەی تەرخانكراوی كێبڕكێكە پاڵ بكەون، هەر بەشداربویەكیش هەستێت، دەستبەجێ لە پێشبڕكێیەكە دوور دەخرێتەوە، هاوكات بەشداربوان بۆیان هەیە لەكاتی پاڵكەوتندا كتێب بخوێننەوە، بخۆن و بخۆنەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن.
ئەوەی بەشداربووانی نیگەران كردووە ئەوەیە كە تەنها بۆ یەكجار لە ماوەی هەشت كاتژمێردا رێگەیان پێدەدرێت تەوالێت بەكاربهێنن.
سەرۆكی گوندی ئیتنۆی برێزنا، خۆی رێكخەری پێشبڕكێكە، ئەو بە میدیاكانی گووت : “پێشبڕكێكە بۆ یەكەمجار 12 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەچوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئەفسانەیەی لەسەر “تەمبەڵی” خەڵكی مۆنتینیگرۆ بڵاوبونەتەوە.”
میكۆ بلاگۆیڤیچ باس لەوەش دەكات كە لە ئێستادا بە بۆنەی ئەم پێشبڕكێیەوە هەموو جیهان ئەوان دەناسێت .
دوبراڤكا ئەلێكسیچ پاڵەوانی رابردووی پێشبڕكێیەكە، توانی ژمارەی پێوانەیی بۆ خۆی تۆمار بكات لە كاتی پاڵكەوتن و خەوتن بۆ ماوەی 117 كاتژمێر. ناوبراو ئەمساڵیش بەشداری لە پێشبڕكێیەكە كردووە و دەڵێ : “نازناوی ئەمساڵیش بۆ خۆمە و بڕیارم داوە بۆ ماوەی 150 كاتژمێر پاڵبكەوم و بخەوم.”