د. ئازا – زاری كرمانجی:
یاریگەی تۆپی پێ لە قەزای سیدەكان چەند ساڵێكە دروستكراوە، بەڵام تاوەكو ئیستا لایەنی پەیوەندیدار خەمییان لێ نەخواردووە كە ئەم یاریگەیە چیمەن بكات بۆ خزمەتی لاوانی ئەو سنوورە، ئەم یاریگەیە ئەگەر لە داهاتوو نۆژەن و چیمەن بكرێت، جگە لە تیپە میللیەكانی ناوەندی قەزای سیدەكان، یاریزانەكانی گوندەكانی دوروبەریش سوودی لێ وەردەگرن و بۆ یاریكردن بەكاریدەهێنن.
جێگای داخە لە ئێستادا حاڵی یاریگەكە لە دۆخێكی زۆر خەراپدایە و بە كەڵكی یاریكردن نایێت و وەك پێویست نییە و فەرامۆش كراوە.
سەنار عەبدولواحید، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: خراپی گۆڕەپانی یاریكردن، هۆكار بووە كە یاریزانەكان نەتوانن یاری لەم یاریگەیە بكەن و جێگەی نیگەرانیە لە سیدەكان هیچ یانەیەكی وەرزشیمان نییە و ئەوەی تێبینی كراوە بە شێوەیەكی گشتی وەرزش لە دۆخێكی خراپ دایە و بەرەو هەڵدێر دەڕوات.
سەنار، لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لە لایەكی ترەوە بەشێكی زۆری وەرزشوانان لەم كابینەیەی حكوومەت گەشبینن و بە ئومێدەوە چاوەڕێن كە ئەم یاریگەیە نۆژەن بكرێتەوە بەشێوەیەك كە بە كەڵكی یاریكردن بێت، بۆیە داواكارم لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خەمێك لە لاوانی سیدەكان بخوات و یاریگەكەمان بۆ نۆژەن بكاتەوە.