موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەند ڕۆژێكە گڕووپی برایانی خۆبەخش، لە ژێر دروشمی” ژینگە لە دڵی كۆمەڵگە دەچینین ” گوند بە گوندی دەڤەری برادۆست دەگەڕێن و هەڵمەتی ژینگەی بە شێوەی جۆرا و جۆر ئەنجام دەدەن .
هۆشمەند مەغدید یەكێك لە برایانی خۆبەخش لە سیدەکان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بە هاوكاری دەزگای ڕوانگە، هەڵمەتێكی ژینگە پارێزیمان بەشێوەی فراوان دەستپێكردووە، لە سەنتەری قەزا و تەواوی گوندەکان کاری پاككردنەوە ئەنجام دەدەین و پەیامی هوشیاری ژینگە بڵاو دەكەینەوە.
زیاتر گووتی:” لە چوارچێوەی هەڵمەتی ژینگەیەکە، چەند كارێكی جیاواز دەكەین، لەوانە دروست كردنی چەند شوێنێكی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لە نێوان گوندەكان، هەروەها پەروەردەی ژینگە ئەركی سەرەكیمانە بە تایبەت بۆ منداڵان تاوەكو پاراستنی ژینگە ببێتە كلتوور، لە بەردەوامی چالاكیەكانمان، بەنیازین دوو هەزار دار بەڕوو لە سنووری گوندەكان بچینین، لە هەمان كات، دوو پێشانگای وێنەی دەكەینەوە .
ئاشكراشی دەكات، لە تەواوی گوندەكان سمیناری ژینگەیی ئەنجام دەدەین، بۆ بڵاوكردنەوە و گەیاندنی پەیامی ژینگەیمان، شانۆی هۆشیاری لەسەر ژینگە ئامادەكەین، چەند حاویەیەكی خۆڵ بۆ ژمارەیەك گوند و قوتابخانە دابین دەكەین”.
گووتیشی:” بەو پڕۆژەی کاری لەسەر دەکەین و ڕۆژانە چالاکی جۆرا و جۆرمان هەیە، دەمانەوێ ژینگەی سنووری قەزای سیدەکان بەشێوەیەک بگۆڕین دانیشتوانان هەست بە جیاوازی بکەن، داواش لەخەڵک دەکەم هاوکار و هەماهەنگمان بن تا بەیەکەوە دەڤەرەکەمان جوانتر بکەین و ژینگە پارێزی بکەینە کلتوور”.
جێگەی ئاماژەیە، چەند برایەکی دانیشتووی قەزای سیدەکان بەیەکەوە گڕووپێکیان بەناوی ” برایانی خۆبەخش ” دروست کردووە، لە بوارە جیاجیاکان خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن، لە ساڵی ڕابردوو لە بواری مین و تەقەمەنی چەندین چالاکیان ئەنجامدا و بەهۆی کارامەیی و چالاکی جوان و جیاواز، لەلایەن دەزگای ڕوانگە خەڵاتیان پێشکەش کرا.