زاری كرمانجی- سۆران:
دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ منداڵ، كاریگەرییەكی ئەوەندە زۆری هەیە كە وا دەكات ژیانی بگۆڕێت و تەنانەت كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵەكە هەیە، ئەمە قسەی پسپۆڕێكی نەخۆشی و گەشەی منداڵانە.
د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی گووت” دەربڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵ لەلایەن دایك و باوك، خاڵێكی زۆر گرنگە، هەرچەندە لەنێو كۆمەڵگەی كوردی دایكان و باوكان، منداڵەكانیان زۆر خۆشدەوێت، بەڵام بەداخەوە رێژەی دەربڕینی ئەم خۆشەویستییە لای ئەوان كەمە بۆیان، هەركاتێك بتەوێت سۆز بۆ منداڵەكەت دەرببڕی، ماچی بكەیت، دەستی بەسەریدا بێنی و لە باوەشی بكەی، تایبەت لەكاتی خەوتن ئارامییەكی باشی پێببەخشی ئەوا كاریگەرییەكی زۆر ئەرێنی لەسەر منداڵەكە دروست دەكات.
دەشڵێت” دەربڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵەكەت وا دەكات گەشەكردنی بەرەو پێش بچێت، بەرگری بەهێز بێت، لە نەخۆشی دوور بكەوێتەوە و حەز و ویستی بۆ ژیان هەبێت و تێكەڵاوییەكی تەواو لەگەڵ دایك و باوك دروست بكات، جگە لەمەش سۆز و خۆشەویستیش بۆ خێزانەكە بە گشتی لەنێو دڵیدا دروست دەبێت، ئەم دەربڕینە خۆشەویستییە دەبێتە مایەی ئاسوودەیی و دووركەوتنەوە لە كێشە و گرفت و زیاتر بەرەو پێش بردنیان.