مەهدی محەممەد –زاری کرمانجی :
ژاپۆنییەکان بەشی زۆری کاتەکانی ژیانیان بەخشیوە بە کارکردن، ئەمەش وای کردووە مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانیان دروست ببێت و ئامارەکانی مردنیش لە کاتی کارکردندا بەرزتر ببنەوە، بۆیە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر هەمیشە بیر لە داهێنانی باشتر دەکەنەوە بۆ پشوودانی کارمەندان لە کاتی کارکردندا.
(سەرخەوی زەڕافە) یەکێک لە نوێترین داهێنانی کۆمپانیایەکی ژاپۆنییە کە پێکهاتووە لە پۆدێکی وەستاو، کارمەندان دەتوانن بە پێوە تێیدا بخەون.
پسپۆڕانی تەندروستی وڵاتەکە دەڵێن “خەوی کورت لە کاتی کارکردندا، نەک هەر وریایی کارمەند زیاد دەکات، بەڵکوو وا دەکات بیرکردنەوەی بەرهەمهێنان و داهێنەرانەشی زیاتر بێت.”
پۆدەکە ناوی GiraffeNap و لە لایەن کۆمپانیای Koyozu Plywood Corporation لە شاری هۆکایدۆی ژاپۆن پەرەی پێدراوە، پۆدەکە لە کۆشکێکی بچووکی تەلەفۆنی گشتی دەچێت و ڕێگە بە کارمەندانی ئۆفیس دەدات وەک زەڕافەیەکی مل درێژ بە ڕاستی بخەون و پێویستیان بە خەوی سەر قەنەفە و جێگا نەبێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت : “کار دەکەین بۆ کۆمەڵگایەک کە هەمووان بتوانن باشتر بخەون و لە کۆتاییدا ئەمە دەبێتە هۆی باشترکردنی کاروبار و تەندروستی مرۆڤەکانمان.”
کۆمپانیای ناوبراو ئەوەش دەڵێ : “زۆر کەس هەن بەردەوامن لە کارکردن بەبێ ئەوەی بتوانن لە ماندوویەتی جەستەیی و فشاری دەروونییان ڕزگاریان بێت و بەدەست خەوەوە دەناڵێنن. بەڵام ئێستا ئێمە پەرەمان بە سەرخەوی زەڕافە داوە وەک چارەسەرێک بۆ هەموو ئەوانە و دەتوانیت تێیدا بخەویت و لە ماوەی زۆر کورتی وەستاندا دەروون و جەستەت چاک بکەیتەوە.”
GiraffeNap یان سەرخەوی زەڕافە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و ئامێری دۆزەرەوەی دووکەڵ و پانکەی هەوا گۆڕکێ و ڕووناکی LED ی سەقف و ئەرزی و جێگیرکردنی کانزایی بۆ چاکەتی هەڵواسراو هەیە. بەگوێرەی خودی کۆمپانیاکە، ئەم پۆدە بۆ ئەو کەسانە ناگونجێت کە باڵایان ٦.٥ پێیە و کێشیان لە ١٠٠ کیلۆ زیاترە. هەروەها بۆ ئەوە دروستکراوە کە دەنگی شوێنی کارەکە لەناو پۆدەکەدا نەبیسترێت.”
وڵاتی ژاپۆن دیاردەی (کارۆشی) کە بریتییە لە مردن بەهۆی ماندوویەتی لە کاردا زۆر بەربڵاوە، بەو هۆیەوە زۆرینەی داهێنانەکانی ئەو وڵاتە بریتین لە هاریکاریی بۆ کارمەندان و پاراستنی ژیانیان لە کاتی کارکردندا.