موڕشید برادۆستی – سۆران:
هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناحیەی سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوا دەکەن خوێندنی ئێواران لە ناوچەکەیان بکرێتەوە .
سیدەکان، ساڵی 1932 بووەتە ناحیە و خاوەنی 250 گوندە، نزیکەی 65 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی و هەزاران قوتابی لێیە، 20 هەزار کەس ڕێژەی دانیشتووانی دەڤەرەکە پێک دەهێنێت .
مامۆستا موسا داود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەی چەند ساڵێکە ڕێژەیەکی زۆری قوتابی لە قۆناغە جیاوازەکان کە بە هۆکاری جیا لە خوێندن دابڕوان، بەهۆی دەوام و ئەرکیان ناتوانن ڕۆژانە درێژە بە خوێندنیان بدەن و داوا دەکەن خوێندنی ئێواران لە سیدەکان بکرێتەوە .
بە گوتەی مامۆستا موسا، ئەمساڵ لە سەر پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران، لیستی ئەو کەسانەمان بە تەواوی زانیارییەکانیانەوە ئامادە کردووە، تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا 150 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، دەشڵێت:” زۆر پێویستە خوێندنی ئێواران وەک تەواوی شوێنەکانی دیکە لە ناحیەی سیدەکانیش بکرێتەوە و خەڵکێکی زۆر خواستی ئەوەی هەیە لە خوێندنی ئێواران درێژە بە خوێندن بدەن”.