مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەپێی دوا ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان، تا ڕۆژی 18ی ئەم مانگە زیاتر لە 152 هەزار کەس لە هەر سێ پارێزگای هەرێم (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) زانیارییەکانییان لە بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران نوێکردووەتەوە.
لەم بارەیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند : “لە پارێزگای هەولێر 62 هەزار و 40 کەس زانیارییەکانیان لە 35 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران نوێکردووەتەوە، کە لە نێویاندا نۆ هەزار و 88 کەس لەدایکبووی ساڵی 2005 کە بۆ یەکەمین جارە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن. هەروەها لە پارێزگای دهۆک 28 هەزار و 584 کەس زانیارییەکانیان لە 41 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران نوێ کردووەتەوە، پێنج هەزار و 614 کەسیان ئەوانن کە بۆ یەکەمین جار بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، لە پارێزگای سلێمانی 61 هەزار و 650 کەس زانیارییەکانیان لە 79 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران نوێکردووەتەوە، کە لە نێویاندا هەشت هەزار و 801 دەنگدەری نوێ هەیە کە لەدایکبووی ساڵی 2005”
ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە گوێڕەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە. هاوکات بیست و سێ هەزار و 503 کەس وەک دەنگدەری نوێ کە لەدایکبووی 2005 ن بۆ یەکەمین جار بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.