د. ئازا – زاری كرمانجی:
بێگومان ڕاهێنەران كاتێك بەشداری خولی ڕاهێنەرێتی دەكەن هەگبەی زانیارییە وەرزشیەكانیان زیاتر دەوڵەمەند دەبێت و پێشدەكەون لە ڕاهێنان و ئەو یارییەی كە ڕاهێنەرایەتی دەكەن بەشێوەیەكی گشتی.
لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، م. هیوا عەبدوڵڵا حسێن ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی فوتساڵی كچان لە یانەی وەرزشی ڕواندز، بەشداری كرد لە خولی پەرەپێدانی مەشق و ڕاهێنانی وەرزشی لە یاری فوتساڵ و تۆپی پێی كچان لە یاریگەی گەورە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ لە شاری بەغدا، ئەم خولە یەكێتی تۆپی پێی عێراق ڕێكخستبوو و سەرپەرشتی دەكرد، لەم خولە ژمارەیەكی زۆر لە ڕاهێنەران لە ئاستی هەموو شارەكانی عێراق بەشداریان كردبوو لە هەردوو ڕەگەزی كوڕ و كچ.
لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ زاری كرمانجی م. هیوا گوتی: بەشداریكردنم لەم خولە بە مەبەستی سوود وەرگرتن بوو لە وانەكانی تیۆری و پڕاكتیكی كە لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی وانەبێژی لێهاتوو و شارەزا وانەكان پێشكەش دەكران، بۆ ئێمە دەرفەت بوو بە وەرگرتنی ئەزموونی چاك و ئاشنا بوون بە زانستی پێشكەوتووی وەرزشی، بێگومان بەشداریكردنمان لەم خولە بەهێز و بەسوودە كاریگەری زۆری ئەبێ لەسەر خودی ئێمەی ڕاهێنەر بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوو پەرەی زیاتر بە بوارەكەمان بدەین بە تایبەتی لەڕووی ڕاهێنانی وەرزشی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی یارییەكان.
م. هیوا دەشڵێت: لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراق و لە داهاتوودا لە خولی تر بەشداری دەكەین و بەشێك لەم خولانە لە دەرەوەی وڵات دەبێت.
ناوبراو لە كۆتایی قسەكانیدا سوپاسی دەزگای زاری كرمانجی كرد كە لە ئێستادا زۆر گرینگی بە بواری وەرزشی دەدات و كارەكانیان بە شێوەیەكی ئەكادیمی و پێشكەوتوون، هیوای سەركەوتن بۆ دەخوازین.




