زاری کرمانجی :
لەسەر ژەهراویبوونی سەد قوتابی، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە:” 22 ی ئەم مانگە، لە خوێندنگەیەک لە ناو شاری سلێمانی، زیاتر لە 100 خوێندکار، بە حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی تایبەت بە منداڵانیان کردووە، بەمەبەستی بەدواداچوون، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە ( چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگەکان) ی ڕاسپارد کە ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بکرێت لە دۆزینەوەی حاڵەتەکان و نموونەی ئاو بۆ پشکنینی تاقیگەی وەربگیرێت”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هێما بە هۆکاری ژەهراویبوونی قوتابییان کراوە و دەڵێت:” دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت ئامادەکردنی خواردن بۆ قوتابییان لە فرۆشگای خوێندنگەکە بە شێوەیەکی نا تەندروست بووە و هەروەها دوای وەرگرتنی نموونەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو لە خوێندنگەکە، دەرکەوت ئەو ئاوەی لەڕێگەی بیرەوە دابین دەکرێت و خوێندکاران بەکاری دەهێنن لەڕووی (بەکتریۆلۆجی) وە (نەشیاوە) بۆ خواردنەوە ناگونجێت”.