مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
تاڵیبان دوای ئەوەی لە مانگی 8 ساڵی 2021 جارێکی تر دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی ژنان لە چوونە دەرەوە لە ماڵ و کارکردن لە شوێنە گشتییەکان و چوون بۆ زانکۆ، لە دواین دیداری خۆیدا گوتەبێژی وەزارەتی تاڵیبان بۆ کاروباری ڕێگری لە بەدکاری و هاندانی ڕەوشت جوانی، دەرکەوتنی خانمان بە ڕوخساری دیارەوە بە دروستبوونی فیتنە ناو دەبات و پێی وایە ئەگەر پیاوێک سەیری ڕوخساری ئافرەتێکی کرد، ئافرەتەکە بەهای خۆی لە دەست دەدات.
مەولەوی محەممەد سادق عاکێف، گوتەبێژی وەزارەتی تاڵیبان بۆ کاروباری ڕێگری لە بەدکاری و هاندانی ڕەوشت جوانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێ : “ژنان واجبە دەموچاویان دابپۆشن لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، چونکە دەرکەوتنی ڕوخساریان دەبێت هۆی دروستبوونی فیتنە و ئەگەر پیاوان بتوانن دەموچاوی خانمان لە شوێنە گشتییەکاندا ببینن، ئەوا ژنان بەها لە دەست دەدەن.”
مەولەوی جەخت لەوە دەکاتەوە زۆربەی پیاوانی ئایینی ئەفغانستان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە ژنان لە دەرەوەی ماڵ ڕوخساریان دابپۆشن و ئەوەش دەڵێ : “هاووڵاتییان لێرە ویستیان شەریعە جێ بەجێ بکەن. ئێمە شەریعە جێ بەجێ دەکەین و هەموو فەرمانەکان یاسای ئیسلامین و تاڵیبان هیچی بۆ زیاد نەکردوون و لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای تاڵیبان، چیتر پیاوان وەک جارانی سەردەمی حکومەتەکەی پێشوو ژنان هەراسان ناکەن و چاویان تێ نابڕن.”