شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” پەروەردەكردنی منداڵ زۆرجار هەڵەی تێدایە، یەكێك لەهەڵە گەورەكانی پەروەردەكردنی منداڵیش بریتیە لەوەی كاتێ قسەت بۆ دەكات ئامادە نی گوێ بگری و قسەكانی پێدەبڕی.
د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشكی دادوەریی و مامۆستای كۆلیژی پزیشكی، بە زاری كرمانجی گووت” كاتێك منداڵێك قسە بۆ دایك و باوكی دەكات لە ناوەڕاستی قسەكردنەكەی پێی دەڵێت بێدەنگ (تەواو بوەستە)، واتە قسە بە منداڵەكەی دەبڕێت و ناهێڵێت تەواوی بكات ئینجا لەبەر هەر هۆكارێك بێت، ماندووبوونی خۆی یان هاوڕا نابێ لەگەڵ وەڵامەكانی منداڵەكەی، لەبەر ئەوەی ئێمە لە منداڵییەوە فێر كراوین نابێت گەورە دانیشتبێت منداڵ قسە بكات یان وەڵامدانەوە و قسەی ئەوان بە گرنگ وەرناگرین، زۆرجاریش وا فێر كراوین گفتووگۆیەك كە خۆمان هاوڕا نین لەگەڵی گوێی بۆ نەگرین، بە پێچەوانەوە ئەركی سەرشانی هەموو دایك و باوكێكە گوێ بۆ منداڵەكەی بگرێت تا قسەكانی تەواو دەبن ئەگەر چی هاوڕاش نەبوون كاتێك گفتووگۆیەكە كۆتای هات دەتوانێت رەخنە بگرێت و فێریشی بكات.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” لێكەوتە خراپەكانی ئەم جۆرە پەروەردەیە ئەوەیە منداڵەكە جارێكی تر هێچ قسەیەكت بۆ ناكات و ناكەوێتە گفتووگۆ لەگەڵت وەك دایك و باوك، هەروەها متمانەی پێت نامێنێت و بە پێچەوانەوە هەر كێشەیەكی هەبێت پەنا بۆ كەسێكی دەرەوە دەبات و بۆی باس دەكات ئەمەش كارەساتە، چونكە نازانیت ئەو كەسەی هەڵیبژاردووە قسەی بۆ بكات بەرەو چ ئاراستەیەكی دەبات، بەم جۆرە بۆشاییەك دروست دەبێت لەنێوان دایك و باوك و منداڵ، هەرگیز ئەوە لێكەوتی باشی نابێت و زۆر شت دەشاردرێتەوە لەنێوان منداڵ و ئەواندا.