شەهلا رەشید- سۆران:
تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە ئیدارەی سۆران رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبووندایە، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هندرێن ئاشكرای دەكات، زیاتر لە پێنج هەزار كەس تووشی نەخشی درێژخایەن بوونە.
عەبدولسەلام محەمەد، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەندرێن، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر بۆ دروستكردنی كارتی نەخۆشییە درێژخایەنەكان سەردانمان دەكەن، تا سوودمەند بن لەو دەرمانانەی لە بنكەكەمان دابەش دەكرێن، بەداخەوە ئامارەكان روو لە زیادبوونن.
عەبدولسەلام محەمەد، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەندرێن، گووتیشی:” لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و داودەرمان لە بنكەی تەندروستیمان وەردەگرن گەیشتوەتە 5171 كەس.
لای خۆیەوە د. سۆران زراری، شارەزایی نەخۆشیی هەناوی، لەمبارەوە گووتی” گەلێك هۆكار هەن بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و پەستانی خوێَن دەبن، لەوانەش كەمبوونەوەی جولە، خواردنی ناتەندروست، بۆماوەیی، ناتەواوی جەستە و …هتد، بە پێچەوانەوە ئەوانەی وەرزش دەكەن و خواردنی تەندروست دەخۆن كەمتر تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییانە دەبن.
ئەم پزیشكە، گووتیشی:” ئەوانەی كە تووشی ئەم نەخۆشییانە دەبن، ئەگەر شەكر و خوێ كەم بكەنەوە، زیاتر ئاگاداری خواردن و خواردنەوە و تەندروستییان بن، ئەوا وەك كەسێكی ئاسایی دەتوانن بژین و هیچ كێشەیەكیان نابێ”.