موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
دووای بڵاوبوونەوەی هەندێ وێنەی نێو بازاڕی قەزای سیدەكان و كەلەكەبوونی زبڵ و خاشاك، سەرۆكی شارەوانی سیدەكان دەڵێت، بەهۆی پشووی هەینی كارمەندانی پاپا گڕووپ ئەو رۆژە كاریان نەكردووە و بەردەوامن.
عەبدولقادر ئەكڕەم سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دوێنێ هەینی كارمەندانی پاپا گڕووپ لە پشوودابوونە و كاریان نەكردووە، دیارە زبڵ و خاشاك لە نێوبازاڕ و هەندێ شوێنی سیدەكان كۆبۆتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەستیان بەكار كردووە و زبڵ و خاشاكەكەیان فڕێداوە .
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت، هیچ مانگرنێكی كارمەندانی پاپا گڕووپ لە سنوورەكەمان بوونی نییە، وەك رۆژانی پێشتر بە شێوەی ئاسایی دەوامی خۆیان دەكەن و بەردەوامن لە پاككردنەوەی گەڕەك و كۆڵان و بازاڕی سیدەكان .
گووتیشی:” هەوڵ دەدەین لەو شوێنانەی كە پێویست بە دانانی حاویەی زیاتر بكات دابینی بكەین، داوا لە دوكاندار و هاووڵاتییانی قەزای سیدەكانیش دەكات، لە پاراستنی ژینگە هاوكاریان بن “.