موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
بەپێی گووتەی هەنگەوانی دەڤەری برادۆست، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەرهەمی هەنگی ئەمساڵ زیادی كردووە، ئەمەش هەنگەوانانی دڵخۆش كردووە و داوای دامەزراندنی تاقیگەیەك لە ناوچەكە دەكەن بۆ جیاكردنەوەی هەنگوینی باش و خراپ.
ئیسلام حاجی پیشەی هەنگەوانیە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:”خەڵكێكی زۆر لە دەڤەرەكەمان تەنانەت شوێنەكانیش دیكەش بۆ بەخێوكردنی هەنگ، روو لە دەڤەرەكەمان دەكات، بەخێوكردنی هەنگ تا ڕادەیەك بووەتە پیشەیەك بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیان و زیاتریش هەنگی سندووق بەخێودەكرێت، بەشێوەیەك یەك كیلۆ هەنگوین لە نێوان 30 هەزار بۆ 50 هەزار دینارە، پێویستە حكوومەتیش هاوكارمان بێت لە دابین كردنی پێداویستی و دەرمان.
ئەو هەنگەوانە، دووپاتی كردەوە، هەر هەنگێكی باش، پێنج بۆ حەوت كیلۆ هەنگوین ساڵانە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هاوردەكردنی هەنگوینی بێ كوالێتی، هەنگوینی خۆماڵی وەك پێویست ساغ نابێتەوە، داواش لە حكوومەت دەكات، تاقیگەیەك لە سیدەكان یا لە سۆران دابندرێت بۆ پشكنین هەنگوین، بەداخەوە هەنگوینی باش و خراپ لەیەكتر جیاناكرێتەوە.
لای خۆیەوە، رەحمان مستەفا بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری قەزای سیدەكان، نزیكەی 8 هەزار هەنگ لە لایەن دووسەد هەنگەوان بەخێودەكرێت، بەپێی زانیاریەكانی ئێمە، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگ باشترە و جیاوازترە لە كاتێكدا، ساڵی ڕابردوو، بەرهەمی هەنگ لە سنوورەكەمان زۆر كەم بوو.
بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان، دەڵێت:” داوكاری هەنگەوانانمان بە دەست گەیشتووە، لە داهاتوو بە فەرمی داوا لە سەرووی خۆمان دەكەین تاقیگەی پشكنینی هەنگوین لە سنوورەكەمان دابندرێت”.