زاری كرمانجی-سۆران
زانكۆی سۆران كاركردنی بە سیستەمی ئەلكترۆنیی زانیاریی قوتابیان ڕاگەیاند، سیستەمەكە لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە لە داهاتوودا تایبەتمەندی تری بۆ زیاد دەكرێت.
زێبار عەزیز، لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی زانكۆی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند: ” سیستەمی زانیاری قوتابی Student Information System ، چارەسەرێكی ئەلكترۆنییە كە ڕێگە بە دامەزراوە پەروەردەیی و زانكۆیەكان دەدات بۆ بەدیجیتاڵكردن و بەڕێوەبردنی زانیاریی قوتابی بە شێوەیەكی ڕێكخراوتر و شەفافتر و كاراتر. سیستەمەكە لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە. لە داهاتوودا تایبەتمەندی تری بۆ زیاد دەكرێت، كە خزمەتی زیاتر بە بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەكانی زانكۆ بۆ قوتابیان بكات”.
لای خۆیەوە پ. ی. د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسانە كرد كە لە درووستكردنی ئەم سیستەمە ئەلكترۆنییەدا ڕۆڵیان هەبووە، بەتایبەتیش م. شەماڵ عەبدوڵڵا، م. ڕێناس فاڕوق قادر و م. ڕێكان نیعمەت عەوڵا-ی كرد كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە درووستكردن و سەرپێخستنی سیستەمەكەدا”.
بەهەمانشێوەش ستایشی هەر دوو دەرچووی بەشی كۆمپیوتەر زەید خالید ئەحمەد و پێشەوا جەمال عوسمان-ی كرد، بەوەی كە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرهەمهێنانی سیستەمەكەدا.