وەرزش ـ زاری کرمانجی:
ئامادەسازی هەڵبژاردەکان بۆ جامی جیهانی بەردەوامە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک یاریی گرنگ بەڕێوەچوون.
ئەنجامی یاریی نێوان ئێران و ئۆرەگوای بووە جێگەی تێڕامان، دوای ئەوەی لەیەکەم یاریی کارلۆس کیرۆش سەرکردایەتی ئێرانیەکانی کرد بۆ بردنەوە لەئۆرەگوای.
کیرۆش، پێشووتر راهێنەری ئێران بوو دواتر وازی لەپۆستەکەی هێنا و ماوەیەکە گەڕاوەتەوە سەرە ئەرکەکەی.
ئێران بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر لەئۆرەگوای پڕ ئەستێرەی بردەوە.
لەیارییەکی دیکەدا لەپاڵەوانێتی دۆستانەی ئوردن ـدا عێراق و عوممان بەیەک گەیشتن، ئەوەی دووەمیان بەلێدانی یەکلایکەرەوە یارییەکەی بردەوە.
بڕازیل و گانا لەفەڕەنسا رووبەروو بوونەوە و سەماکارانی سامبا 3-0 براوەبوون، گۆڵەکان لەلایەن یاریزانان ریچالیسۆن 2 گۆڵ و مارکینیۆس گۆڵێک تۆمارکران.
لەنەیشن لیگ دوو یاریی کۆمەڵە ئاگرینەکە ئەنجامدران، ئەڵمانیا و ئینگڵاند دابەزین بۆ ئاستی B پاڵەوانێتیەکە.
لەسەر خاکی خۆیان مانشافت پێشوازی لەهەنگاریا کرد و یارییەکەی 1-0 پێدڕاند، ئەمەش یەکەم دۆڕانی ئەڵمانیەکانە لەسەردەمی راهێنەرایەتی هانز پیتەر فلێک.
لەهەمان کۆمەڵەدا ئیتاڵیا میوانداری ئینگڵاند ـی کرد بەگۆڵێکی راسپادۆری یارییەکەی بردەوە هەڵبژاردەی سێ شێرەکەی ناردە ئاستی B نەیشن لیگ.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش مێسی و هاوڕێکانی دژی هندۆراس یارییان کرد. ئارجێنتینا 3-0 بردیەوە و مێسی دوو گۆڵ و لاوتارۆش گۆڵێکی تۆمارکرد.