موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەهۆی بەرز بوونەوەی پلەكانی گەرما و دروست بوونی گرفت لە مێگاوات و بەرهەمهێنانی كارەبا، كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی لە سنووری ئیدارەی سۆران كەمبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش نیگەرانی هاوبەشان و بەتایبەت گوندنشینیانی لێ كەوتۆتەوە، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆرانیش، موژدە بە خەڵك دەدات و دەڵێت، چەند كاتژمێرێك كارەبا زیاد دەكرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندازیار ئەردەوان ئیبڕاهیم، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەیەكە لە بەرهەمهێنانی كارەبا گرفتمان بۆ دروست بووە و 150 میگاواتی كارەبا كەمبۆتەوە، ئەمەش وای كردووە كاتژمێری كارەبا لە سنوورەكەمان بۆ 11 كاتژمێر كەمببنەوە .
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، ئاشكراشی كرد:” خۆشبەختانە لە ئێستادا چارەسەر كردنەكەی گرفتی مێگواتی كارەبا لە قۆناغی كۆتایدا، بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە مێگاواتە لە هەفتەی داهاتوو، كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ 13 تا 14 كاتژمێر بەرز دەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە لەم كاتانەدا بەهۆی بارقورسی كارەبای نیشتیمانی كەمدەبێتەوە، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و گۆڕانی كەش و هەوا، بێگومان گۆڕانكاری لە خشتەی كارەبا دەكرێت و كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ 17 تا 18 كاتژمێر زیاد دەبن”.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خاوەنی شەش قەزا و 13 ناحیە و زیاتر لە 800 گوندە، بەپێی ئەو ئامارەی بە زاری كرمانجی دراوە، هاوبەشانی كارەبای نیشتیمانی بە سەرجەم پۆلەكانیەوە لەو دەڤەرە، نزیكەی 84 هەزار هاوبەشە.