مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
یەکێک لە شارەزایانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات لە سەرەتای وەرزی پاییز تا کۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو بارانێکی زۆر ببارێت و بە ساڵێکی نموونەیی ناو دەبات لە ڕووی بارانبارینەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و نووسیویەتی : “بۆ ئەمساڵ پێشبینیمان وایە لە تەواوی وەرزەکانی بارانبارین هەر لە پاییز تا کۆتایی بەهاری ٢٠٢٤ بارانێکی زۆر ببارێت، ساڵێکی تەواو و نموونەیی بێت بەبێ جیاوازی ناوچەکان،”
ئاراس ئەم ساڵ بە ساڵی بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی ناو دەبات و دەڵێ : “ماوەی سێ ساڵە بەهۆی وشکە ساڵی و کەمی بەفر و بارانبارینەوە، بەرێژەیەکی بەرچاو وشکە ساڵی کاریگەرییەکانی بە خراپی لەسەر ناوچەکە جێ هێشتووە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینێکی زۆر ساڵی بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دەبێت.”