نەتەوە یەکگرتووەکان : ژمارەی داعش لە سووریا و عێراق پێنج بۆ حەوت هەزار چەکدار دەبن
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات کە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) جارێکی تر خۆی ڕێکخستووتەوە و دەستیان بە چالاکی کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش دەدات و ڕادەگەیەنێت کە ڕێکخستنەکانی داعش لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی سووریا و عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیادیان کردووە و چالاکییەکانیان فراوان بووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا ژمارەی داعش لە سووریا و عێراق پێنج بۆ حەوت هەزار چەکدار دەبن.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، خۆ ڕێکخستنەوەی داعش لە سنوورەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ دانیشتووانەکەی مەترسیی گەڕانەوەی چالاکییەکانیان زیاتر کردووە و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەو ناوچانە.