محەمەد ساڵح سرێشمەیی
پێویستە هەمووان، بە هەموو حزبەکانەوە، شانازی بە مێژووی پارتی و یادی دامەزراندنیەوە بکەن، لەبەرئەوەی موڵکی هەمووان و ئومێدی هەر چوارپارچەیە.
لەو ڕۆژ و ڕۆژگاردا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساتەوەختێکی پێویستدا و لەو پەڕی زەرورەتەوە هاتەبوون و پێشەنگایەتی خەباتی ئازادی خوازی و هەستی نەتەوەیی و شۆڕشی چەکداری و ناسیۆنالیزمی کوردی گرتە ئەستۆ.
لەو ئانو ساتدا ئومێد بۆ گەلی کوردستانی باشوور لەو پەڕی نەبوونەوە گەیشتە ترۆپکی ئومێد بەخشی و گەشەیەکی تەندروست، کە ئەمەش بەرهەمی شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان بوو.
لەم کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە دووژمنانی گوت: کە ئێمەی کوردستانی بە ڕابەرایەتی “مستەفا بارزانی”، سورین لەسەر ئەوەی کە هەر دەبێت مافە شەرعی و یاساییەکانمان وەرگرینەوە، و بە خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، بۆ ئەمەش ئامادەی جۆرێک لە قوربانیدانین کە ئەگەر لە کۆتایدا تەنیا یەک تاکە کوردیش بمێنێتەوە، دەبێت ئەویان سەربەست و خاوەن خاک و دەوڵەت بێت.
بۆیە پێویستە هەموو کوردێک شانازی بەو خاڵی وەرچەرخانەی نێو لاپەڕەکانی مێژووی خۆی بکات، و دروود و سڵاو بنێرێ بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی وەرچەرخێنەرەکەی.
لەمەش گرنگتر هەر لەو ڕۆژەدا کارێزمایەک لە دایک بووە، کە دوێنی و ئەمڕۆ و سبەی جێگای شانازی، ئومێدی گەڵ و نیشتیمان بووە و دەبێت.