زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، “بەردەوامدەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بەردەوامدەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ئاشتیانە و کێشەکان چارەسەبکرێن”. دەشڵێت، “زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە و بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری “کۆرنیشی دەلال” لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: “لەم ماوەیەدا زیاتر لە 170 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە، نەک لەبەر ئەوەی شارێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا و جیهانێ، بەڵکوو شارێکە بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و زۆر قارەمان لە زاخۆ هەڵساون و خەڵکێکی زۆر خۆی کردووەتە قوربانی و ئەم دەڤەرە شەهیدێکی زۆری داوە، زۆرێک لەوانەی شەهید بوون، دەمناسین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لێرە نین. ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەچەمێنین، کە ئەمە هەمووی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانیانە و لە سایەی ئەوان، جێبەجێکراوە”.
لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، مەسرور بارزانی رایگەیاند: “بەردەوامدەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بەردەوامدەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ئاشتیانە و کێشەکان چارەسەبکرێن. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە شاندیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بگاتە رێککەوتن، سەردانی بەغدا دەکات:.
بەشێک لە گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی ئازیز و ئامادەبووانی بەڕێز زۆر بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم لەم رێوڕەسمەدا بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و جوان، کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جێبەجێکراوە. پیرۆزبایی لە ئێوە، خەڵکی زاخۆ و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، هیوادارم هەمووتان سوودی لێ ببینن و ببێتە جێگەی رەزامەندی هەمووتان.
سوپاسی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم و، سوپاسی خەڵکی زاخۆ دەکەم بۆ هاوکاری و ئارامگرتنیان. هیوادارم رۆژ بە رۆژ پڕۆژەی لە زاخۆ و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامبدرێن. جێگەی دڵخۆشییە بۆ من کە دەبینم، پێشتر چەند بەڵێنێک دەدەین و دواتر دێم، دەبینم بەڵێنەکانمان جێبەجێکراون. ئەو بەڵێنانەی پێمان داون بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە، ئەنجامیان هەبووە و ئێمە بەشداربووین لە کردنەوەی ئەم پڕۆژانە”.
ئەم پڕۆژەیە (کۆرنیشی زاخۆ) تاکە پڕۆژە نییە لە زاخۆ ئەنجامدەدرێت و چەندین پڕۆژە تا ئێستا لە زاخۆ جێبەجێکراون، وەکو کردنەوەی پڕۆژەی رێگاوبان و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە، لەوانەش نۆژەنکردنی شاری کۆنی زاخۆ، هیوادارم دواتر کاتم هەبێت و بتوانم سەردانی بکەم و ئەو شوێنەش ببینین.
وەکو من دەزانم زیاتر لە 170 پڕۆژە لەم ماوەیەدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ ئەنجامبدەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە و یەکێکی دیکە، کە دەمەوێت بیکەمە موژدە بۆ ئێوە، بەردەوام دەبین لە دروستکردنی کۆرنیشی زاخۆ تاوەکو رووباری خابوور تەواو دەبێت و ئینشائەڵڵا قۆناغەکانی دیکەشی هەموویان جێبەجێدەکرێن.
هەروەها بەنداوی زاخۆش کە دەکەوێتە سەرووی رووباری خابوور، بەنیازین پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی لەوێش جێبەجێبکەین. ئینشائەڵڵا هەر کاتێک دیزاین و پلانەکەی تەواوبوون، ئەویش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش بێ گومان بۆ خەڵکی زاخۆ و هەموو کوردستان سوودی زۆری دەبێت.
زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە، نەک لەبەر ئەوەی شارێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا و جیهانێ، بەڵکوو شارێکە بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و زۆر قارەمان لە زاخۆ هەڵساون و خەڵکێکی زۆر خۆی کردووەتە قوربانی و ئەم دەڤەرە شەهیدێکی زۆری داوە، زۆرێک لەوانەی شەهید بوون، دەمناسین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لێرە نین. ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەچەمێنین، کە ئەمە هەمووی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانیانە و لە سایەی ئەوان، جێبەجێکراوە.
ڕاستیتان بوێت زۆرم پێخۆشبوو، دڵی سەرۆک لە خۆمان رازی بکەین، بۆیە هیوادارم ئێوە لە ئێمە رازی بن، بۆ ئەوەی دڵی سەرۆک لە ئێمە رازی بێت.
وەکو میللەت، حکومەت و ئەم کابینەیە، زۆر زەحمەتمان بینیوە و زۆر ئاستەنگمان هاتوونەتە پێشەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا. لە بواری ئابووری، سیاسی و هەندێک جار ، كێشەی ئەمنیشیان بۆ ئێمە دروستکرد، بۆ ئەوەی نەتوانین بەردەوامبین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خوا و بۆ خۆڕاگری خەڵکی قارەمانی هەرێمی کوردستان، ئێمە بەردەوام بووین و سەرمان بۆ هیچ ئاستەنگ، دوژمن و نەیارێک نەنواند. توانیمان ئەم قۆناغانە تێبپەڕێنین و ئەم پڕۆژانەش جێبەجێبکەین.
گەورەترین شانازی بۆ من، ئەوەیە خەڵکی کوردستان پاڵپشتمان بووە و پاڵپشتی و خۆڕاگری ئێوە، هێزی پێداین. هێزی پێداین بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەم هەموو فشار و ئاستەنگانە ببینەوە کە هاتنە سەر رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بوەستێت. هیوادارم ئەم پاڵپشتییە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین لە خزمەتکردنتان بەردەوام بین.
دەمەوێت ئەمەش بۆتان باس بکەم. لە ماوەی رابردوودا چەندین شاندمان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات. چەندین رێککەوتنمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق ئەنجامدان، بەڵام بەداخەوە دواتر ئەم رێککەوتنانە لابران یان دەستکاریکران و بیرۆچوونی دیکە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان فەرزکران. سەرەڕای ئەمەش هەوڵمان دا و بەردەوامیش هەوڵدەدەین تا دوا قۆناغ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک کە بەرهەمەکەی لە سوودی هەموو خەڵکی عێراق و بەتایبەت خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر شایستە داراییەکانمان، ماف، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بکەین.
بەردەوامدەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بەردەوامدەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ئاشتیانە و کێشەکان چارەسەبکرێن. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە شاندیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بگاتە رێککەوتن، سەردانی بەغدا دەکات.
پێش ئێستا گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا، مووچە دابەش ناکات یان لە کاتی خۆیدا مووچەی دابەشنەکردووە، من بە پێویستی دەزانم بیڵێم، تا ئەو کاتەی رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا، بە شانازییەوە هەموو مانگێک مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان دابەشکردووە، بە خۆشی بێت، زەحمەت بێت یان بە هەر جۆرێک بێت ئەو بەرپرسیارەتییەی لەسەر شانمان بوو هەڵگرت و لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا بووین. ئێستاش ئەو فشارانەی لەسەرمان هەن. لەوانەیە دووبارە بۆ ئەوە بێت، ئێمە واز لە هەندێک لە مافە دەستوورییەکانمان بهێنین. بەڵام جارێکی دیکە دڵیناتان دەکەمەوە، واز لە مافە دەستوورییەکانمان ناهێنین و بە پاڵپشتیی ئێوە و خوای گەورە بەردەوام دەبین لەسەر داکۆکیکردن لە مافەکانمان و گەشبینم لەگەڵ حکومەتی عێراق دەگەینە ئەنجامێکی باش و بتوانن لەکاتی خۆیدا بودجەی هەرێمی کوردساتن بنێرن و بابەتی بودجە نەکەنە بابەتێکی سیاسی و تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکەن، کە بەداخەوە هەندێک جار بە بێ مەعنا بۆمان دێنە پێشەوە.
پاڵپشتی ئێوە و پاڵپشتیی خوای گەورە بۆ ئێمە گەورەترین هێزە و تا ئێوە لەگەڵماندان و پێمان ڕازی بن، لە خزمەتی ئێوەدا دەبین. دووبارە زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. هەر سەرکەوتوو و سەلامەت بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.