زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێك دەڵێت، لە هەموو تەمەنێكدا مرۆڤ تووشی نەخۆشییە هەناوییەكان دەبێت، بەڵام ئەوانەی جگەرە و نێرگەلە دەكێشن زووتر تووش دەبن.
د. سۆران زراری، شارەزایی نەخۆشییەكانی هەناو، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هیچ تەمەنێكی دیاریكراو نییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە هەناوییەكان و مرۆڤ لە هەموو تەمەنێكدا تووش دەبێت، بەڵام زیاتر مەترسی لەسەر ئەو كەسانە هەیە كە جگەرە و نێرگەلە دەكێشن، یاخود خواردنەوە كحولییەكان دەخۆنەوە و زۆربەیان تووشی نەخۆشی دڵ بە هەموو جۆرەكانییەوە، گیرانی نێوان دڵ و سییەكان، جەڵتەی مێشك و وەستانی گورچیلەكان دەبن، نەخۆشییەكانی وەك بەرزی پەستانی خوێن، شەكرە، هەوكردنەكانی وەك ڤایرۆس و بەكتریاكان و چەندین نەخۆشیی دیكەش هەن دەبنە هۆی لاوازبوون و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی هەناو.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد” هەروەها هەڵكشانی دووكەڵی نێرگەلە، جگەرە و وەیپ، بۆ ئەو كەسانەی دەیانكێشن تووشی رەبۆ، تێكدانی پێكهاتەی سیپەلاك و تووشبوون بە شێرپەنجەی سیپەلاك و چەندین شێرپەنجەی دیكە دەبن.