لە ماوەی دە ڕۆژ 3 حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لە ماوەی دە ڕۆژ سێ حاڵەتی دزیکردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە لەلایەن کەسە نزیکەکانی یەکترەوە ئەنجامدراون.
پۆلیسی سلێمانی، ڕۆژی شەممە، 5ی ئابی 2023 لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە :”بە تۆمەتی بڕینی نووسینگەیەکی حەواڵەی دراو، لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانەوە سێ تۆمەتبار دەستگیرکران، کە لەلایەن منداڵی خاوەن نووسینگەیەکە هاوکاری کراون بۆ دزیکردن لە باوکی.”
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە 13ی ئابی 2023 پۆلیسی هەولێر ڕاگەیاند گەنجێکی خەڵکی شارەکەیان دەستگیرکردووە کە بڕی 350 هەزار دۆلار (35 دەفتەر دۆلار)ی لە باپیرەی دزی بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئابی 2023، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕاگەیاند : “پیاوێک هاتووەتە لای ئێمە سکاڵای تۆمار کردووە و دەڵێت، ژنەکەی بێ ئاگاداری ئەو لە ماڵ دەرچووە و بڕی 14 هەزار و 700 دۆلاری بردووە و چووەتە هەولێر، دوای دەستگیرکردنی بە نیاز بووە بچێتە ئەورووپا.”