موڕشید برادۆستی– سیدەكان:
22 ساڵ بەر لە ئێستا، لەلایەن ڕێکخراوێک بە هەماهەنگی حکوومەت، باڵەخانەیەک لە سەنتەری قەزای سیدەکان بۆ گەرماو دروست کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا کەس خۆی لێ نەشوشتووە و سودی لێ وەرنەگیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە، چەند فەرمانگەیەکی حکوومی لە دەڤەرەکە بێ باڵەخانەن و لەیەک شوێن کۆکراونەتەوە .
ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەكان بە وەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دووای بە قەزا کردنی سیدەکان، لە قۆناغی یەکەم دادنووس و دادگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەکرێنەوە، لە ئێستادا بەشێوەی فەرمی ڕەزامەندی کردنەوەی دادنووسمان بە ژمارە ” 2722 ” لە ڕێکەوتی 11 – 7 – 2023 وەرگرتووە.
قائیمقامی قەزای سیدەكان دەڵێت:” گەرماو لە ئێستادا پێویست نییە، بۆیە باڵەخانەکەمان بۆ فەرمانگەی دادنووس تەرخان کردووە و دەست به نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی ” گەرماوی سیدەکان ” دەکەین.
گووتیشی:” بەشێوەیەکی مۆدێرن هەردوو ڕووی ناوە و دەرەوەی باڵەخانەی گەرماوەکه نۆژەن دەکەینەوە، تا سیمایەکی جوان ببەخشێت و بۆ ڕای کردنی کار و باری هاووڵاتییان لە چوارچێوەی فەرمانگەی حکوومیدا سوودی لێ ببیندرێت”.
قەزای سیدەكان لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، خاوەنی 266 گوندە و نزیكەی 20 هەزار دانیشتووی هەیە، لە رێكەوتی 2 – 11 – 2022 بە فەرمانی هەرێمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، سیدەكان و بەرمیزە ” کانیەڕەش ” بەشێوەكی فەرمی كرانە قەزا و ناحیە.